پەیامی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ساڵیادی تاوانی ئەنفال
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانو ئەنفالكراوان
مامۆستایان
خوێندكاران
فەرمانبەران
هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا بە خەم و زامێکی قوڵ و سارێژنەبووەوە یادی مەرگەساتێكی دیکەی نەتەوەكەمان دەكەینەوە کە سی و دوو ساڵ لەمەوبەر گەل و خاكی كوردستان لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆری بەعسەوە ڕووبەڕووی دڕندەترین شاڵاوی پاكتاوی نەژادی و كاولكاری بوویەوە و لە ئاكامدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاونیشتمانیی بێتاوانی كوردستان بوونە قوربانی و بە هەزاران گوندیش وێرانكران.
تاوانی ئەنفال یەكێكە لەو تاوانانەی بە درێژایی مێژوو رژێمە سەركوتكار و داگیركەرەكان بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامیان داوەو هەوڵی لەناوبردن و نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەییان دا، کە پرۆسەی ئەنفال بڕیارێكی كتوپڕ نەبوو بەڵكو پیلانێكی پێش وەختە و نەخشە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن بەعسەوە بۆ جینۆسایدكردنی نەتەوەكەمان و خامۆشكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و دیموكراتی گەلەكەمان خرابووە بواری پراكتیزەكردنەوە بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی و بە هەزاران گەنج و پیر و ژن و مناڵی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كرد.
كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوەكان ..
ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك دیارییەكی بچوك و دەربڕینی وەفامان بەگرنگمان زانی كە دوو ناوەندی زانستی و مەعریفی لەهەردوو سنووری چەمچەماڵ و كەلار بكەینەوە ئەوانیش پەیمانگای تەكنیكی چەمچەماڵ و پەیمانگای تەكنیكی كەلار-ن ، بەهەموو توانامان پشتیوانی لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكاران و مامۆستایان لەو دەڤەرانە دەكەینەوە و بەباشبوونی ئەم دۆخەش هەنگاوەكانمان بەئاڕاستەی فراوانتركردنی كاروچالاكییەكانمان دەنێین و كاری جددی لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ چارەسەری گشت ئەو گرفتە جیاوازانەی كە لەپاش ئەنفال هاتۆتەكایەوە.
ئەمرۆ كە یادی ئەو تاوانە مێژوویی و خوێناوییە دەكەینەوە، لە كاتێكدایە كە ڤایرۆسی كوشندەی كۆرۆنا جیهان و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، زانکۆمان وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی بەدەر لە پرۆسەی فێرکردن و زانست و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی وەک هەنگاوێکی مرۆیی لەم قۆناغە هەستیارەی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەستا بە پێکهێنانی گرووپی ئەکادیمیانی خۆبەخش لە سەرجەم کۆلێج و پەمانگاکانی سەر بە زانکۆ لەپێناو هاوکاری و کۆمەککردنی ماڵە هەژاران و دەستگیرۆیکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی پابەندبونیان بەرێنماییە تەندروستییەکان و خۆپارێزییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانن بژێوی ژیانی رۆژانەیان دابین بکەن، خۆشبەختانە لەو رێگەیەوە هاوکاری و پێداویستی رۆژانە گەیەندرایە سەدان ماڵی هەژار و نەدار کە شایستە بوون و لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپدا بوون، لە ئێستاشدا هەردوو پەیمانگای تەکنیکی کەلار و هەڵەبجەی سەر بە زانکۆمان ماددەی VTMیان بەکوالیتیەکی بەرز بەرهەمهێناوە کە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردێت و پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی دەربەندیخان و هەڵەبجەیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ستافی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پەیمانگای تەکنیکی کەلار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، سەرقاڵی دروستکردنی دەمامکی (ماسک) ی پزیشکین بەپێی پێوەری زانستی بۆ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایشی ئیدارەی گەرمیان.
لە کۆتاییدا هیوادارین گەلەكەمان بە گشتی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دووربن لە مەترسی ئەم ڤایرۆسە و بەكەمترین زیان ئەم دۆخەش تێپەڕێنین، وە بەردەوام بین لەبەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و فێركردن لە كوردستان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی گەلەكەمان كە لە سایەی خەبات و خوێنی شەهیدان بەدیهاتوون، چونکە تائێستا لە سایەی خەباتی بەردەوام و ئەو قوربانیدانەدا توانیومانە چەندین ئاوات و ئامانجی تێدا بێنینە دی كە مایەی شانازی و سەروەرین .
سڵاو بۆ رۆحی پاك و بێگهردی قوربانیانی ئهنفال
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
٢٠٢٠/٤/١٣