زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی هاوکاری تاقیگەی تایبەتی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە دەکات
لەسەر ڕاسپاردەی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی گروپێک لە مامۆستایانی بەشی شیکاری نەخۆشییەکان و بەشی پەرستاری لە پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە بە ھاوکاری دەزگای مرۆیی مام و زانکۆی سلێمانی هەستان بە ئامادەکردنی ناوەندی پێویست بۆ گواستنەوەی نمونەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Viral Transport medium VTM) بۆ سەنتەری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵەبجە کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستبەکار بکات.
ئەمڕۆ رێکەوتی ۱۱/٤/۲٠۲٠ لە یەکەم هەنگاودا (٥٠٠) تیوب کە بڕی پێویستی ناوەندەکەیان تێدایە ئامادەکران و پاش پشکنینەکانی کوالیتی کۆنترۆڵ بۆ ماددەکە، ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەکرێت.
لە داهاتووشدا هاوکاری و هەماهەنگییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی/ پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەردەوام دەبێت، بڕیاریشە بڕی پێویستی (VTM) بۆ تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنا لە ھەڵەبجە بەپێی ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامادە بکرێت و پێشکەش بە تاقیگەکە بکرێت.
سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سوپاسی تایبەتی (دەزگای مرۆیی مام) دەکات کە هەستا بە دابینکردنی کۆمەڵێک لە ماددە پێکهێنەرەکانی ئەم ناوەندە و هەروەها سوپاسی هاوکارانی لە پەیمانگای تەکنیکی کەلار دەکات کە لەڕێی دابینکردنی ماددەی پێویستەوە هاوکاریان کردین، هەروەها سوپاسی هەریەکە لە بەڕێزان د.ئاراس شاڵی لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی کە لەڕێی پێشکەشکردنی ڕاوێژەوە و پزیشکی دەرمانساز سعدی رفعت محمد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەکات کە بە دابینکردنی ماددە هاوکاری پرۆسەکە بوون.