Back

كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی زانكۆ بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو

بەمەبەستی تاوتوێ كردنی پلان و بژاردەکانی بەردەم زانکۆو ڕەوشی خوێندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ئەگەرەكانی بەردەم خوێندنی ئەمساڵ، لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بەسەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆو سەرجەم ڕاگری كۆلێج و پەیمانگاكان و بەڕێوەبەرانی تۆمارگای گشتی و نوسینگەی سەرۆك و بەڕێوەبەری زانستی و ئەمینداری ئەنجومەنی زانكۆ، ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی ژمارە 11 ی خۆی ئەنجامدا. ئەمڕۆ سى شەمە ڕێکەوتی 7 ی نیسانی 2020 کاتژمێر 2-ی پاش نیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی دا بە چەند تەوەرێكی گرنگ و هەستیار تایبەت بە داهاتووی ڕەوشی خوێندن لە زانكۆ و گرتنە بەری ئەو ڕێگاچارانەی كە لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی كۆتا هەوڵ بدرێت كە خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران نەفەوتێت. سەرەتا سەرۆكی زانكۆ سوپاسی خۆی گەیاندە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ كە لێبڕاوانە چالاكی و ئەركەكانی سەرشانیان بەجێ هێناوە لەڕووی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی دەربارەی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا ، هەروەها سوپاسی خۆی گەیاندە مامۆستایان و ستافی پەیمانگای تەكنیكی كەلار و هەردوو بەشی زانستی ( شیكاری نەخۆشییەكان و پەرستاری ) كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیان بەهاوكاری دەزگای مرۆیی مام داهێنانێكی ناوازەی زانستی ئەنجام بدەن ئەویش بە دروست كردنی ماددەی VTM بۆ پشكنینی توشبوانی پەتای كۆرۆنا و ئێستاش خۆشبەختانە لە قۆناغی بەرهەم هێناندان بەژمارەیەكی زۆر بۆ خزمەتی بواری تەندروستی لەناوچەی گەرمیان و هەرێمی كوردستان. هەروەها دەستخۆشی ئاراستەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ كرد بەهۆی پابەندبونیان بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و مانەوەیان لەماڵەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. هەروەها سوپاسی لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی زانكۆ كرا كە چەند كۆبونەوەیەكیان ئەنجام داوەو راپرسیشیان لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی ئەنجامداوە لەگەڵ زیاتر لە 200 مامۆستاو 2500 خوێندكار كە ئەوەش بەرچاو ڕونییەكی تەواوی داوە بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی لەزانكۆ تا چەند سەركەوتوە لەكاتی جێبەجێ كردندا.

لەتەوەرێكی تردا كە كاروباری زانستی دەگرتەوە پ.ی.د. ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو بەشداربووان كرد كە گفتوگۆیەكی جدی بكەن لەسەر پرۆسەی خوێندنی زانكۆو هەروەها خوێندنی باڵا (دكتۆراو ماستەرو دبلۆمی باڵا) بۆ چۆنێتی بەردەوامی پرۆسەكەو گفتوگۆكردنى بابەتى (كونوسى ليژنەى باڵاى بۆلۆنا سيستەم ) و سەرجەم ئەو ئەگەرانەی كە بۆ خوێندنی ئەمساڵ خراوەتە ڕوو بەئامانجی ئەوەی ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل ئامادەبكرێت بۆ بەردەست ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

لەپاش قسەكانی سەرۆكی زانكۆ سەرجەم ئامادەبووانی كۆبونەوەكە ڕاو سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان پێشكەش كرد و هەموو لایەك خوازیاربوون هەرچی زووە پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت و خەڵكی كوردستان لەم قەیرانە تەندروستییە بەسەلامەتی ڕزگاریان بێت ، هەروەها تەئكیدیان لە نەفاوتانی خوێندنی ئەمساڵی خوێندكاران كردەوەو ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەر بڕیارێك كە سوودو بەرژەوەندی خوێندكارانی تیادا بێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile