مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکەم توێژینەوە بە زمانی کوردیی دەربارەی (ڤایرۆسی کۆڕۆنا) ئەنجام دەدات
مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ دوو مامۆستای زانکۆی گەرمیان، یەکەم توێژینەوە بە زمانی کوردیی تایبەت بە (سۆشیاڵ میدیا) و هۆشیاریی دەربارەی (ڤایرۆسی کۆڕۆنا) ئەنجام دەدات.
لە ماوەی رابردوودا، پ.ی.د.هێرش رەسوڵ، مامۆستای بەشی (پەیوەندییەگشتییەکان و بازاڕگەریی/ کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆمان)، بە هاوبەشی هەریەک لە یادگار عەلی و دەشتی عەلی مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، توێژینەوەیەکیان بە ناونیشانی (رۆڵی فەیسبوک لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستاندا) ئەنجامداوە و ئەمڕۆش پەسەندنامەی بڵاوکردنەوەیان لە (گۆڤاری زانکۆی گەرمیان) پێدراوە.
جێی باسە، ئەم توێژینەوەیە بە یەکەمین توێژینەوە دادەنرێت سەبارەت بە راگەیاندن و هۆشیاریی تەندروستیی دەربارەی پەتای ڤایرۆسیی کۆڕۆنای نوێ ناسراو بە (کۆڤید ۱۹)، هەم بە زمانی کوردیی و هەم لە هەرێمی کوردستانیشدا.