Back

ماڵی ئاوابێ.. ئەو كەسەی ماڵی خەڵك ئاوا ئەكا..!

ماڵی ئاوابێ.. ئەو كەسەی ماڵی خەڵك ئاوا ئەكا..! پ.ی.د.دانا ئەحمەد مستەفا تروسكایی لە هەر كوێوە بێت، ئاماژەی هەبوونی هیوایە.. هیوا بە ژیان و ژیاندۆستی، مرۆڤدۆستی، بەرگەگرتنی مرۆڤ لە دەست دیارە گەردە گەردوونی و خۆبەخۆكان.. ئەمە هەر لە كۆنەوە (برگسۆن)ی فەیلەسوف بە زمانی بە یەكدا هاتنەوە لەگەڵ سروشت، ناوزەدنی كردوە. زانكۆ و كۆمەڵگە دوو دیوی یەك تەلاری زێڕینن، دروست بوونی هەر دیوارێك لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا كۆمەڵگە دوادەخات و زانكۆش دادەبڕێت لە جێبەجێكردنی ئەركی مەعریفی و ئەكادیمی و بەگەڕخستنی ئاوەز و پێشخستنی كۆمەڵگە.. ئەوەی جێگەی سەنجە ئەوەیە ئێمە بزانین كە ئاوێتە بوونیان هەرگیز لەسەر تاكە ئاستێكی زانستی دروست نابێت.. بەڵكو دەبێت زانكۆ و دەستەی ئەكادیمیش ببنە بەشێك لە ئێش و ئازاری ئەم میللەتە، خەمەكانی بدەن بە كۆڵیاندا و هەست بە فرمێسكی قەتیسماوی ناو چاوی مناڵان و بێنەوایان بكەن، دەبێت برسێتی هەژاران هەراسانیان بكات.. و قرچەی جەرگی ئەو دایكەی منداڵەكەی هاواری لێدەكات كە برسێتی.. یان هەر بە تیلەی جاوەكانی تێدەگات كە سكی هەڵدەگوشێ.. ببێتە خەمی گەورەی ئەكادیمیان چونكە لە ئاستێكی باڵای كۆمەڵگەدان.. ئەم دیباجەیە، سۆنگەی بیركردنەوە و دەستپێشخەری بەڕێز (پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین)ە كە سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە، كە بۆ یەكەمجار هەستی بەو فەزا گەورەیە كرد لە نێوان زانكۆ و كۆمەڵگە و هەوڵی شكاندنی ئەو بەستەڵەكەیدا.. بەتایبەت لەم رۆژانەدا كە هەلومەرجی ئابووری خەڵك تەواو لە ئاستێكی نزمدایە، بەجۆرێك هەندێ خێزان تەنانەت نانی شەویان نییە قاوڵتی پێبكەنەوە هەتا رۆژ دەبێتەوە.. بۆیە بیرۆكەی دامەزراندنی (ئەكادیمیانی خۆبەخش)ی هات بە بیردا، تەنها بە خۆی دەستی پێكرد و دواتر خەڵكی ئەكادیمی لە دەوری ئەو كارە مرۆییە مەزنە كۆبوونەوە. ئەوەی مایەی خۆشبەختییە، هەتا سەروەختی نووسینی ئەم وتارە، زیاتر لە 1000 ماڵی نەدار و بێ نان بووژاونەتەوە بە هاوكارییەكانی ئەم دەستەیە. چیرۆكی تراژیدیای هەژاریی چەندین خێزانی دامركاندۆتەوە، وەك ئەوەی نزای ئەم هەژارانە گەیشتبێتە جێگەی خۆی و بە رێگەی تیۆرە دێرینەكەی دۆنادۆنی، لە گیانی بێگەردی منداڵێكەوە چووبێتە هزری ئەو زاتە و ئەم بیرۆكەیەی هاتبێت بە خەیاڵدا.. دروود بۆ ئەو كەسەی بیری چاك و رەفتاری چاك دەئافرێنێ، دروود بۆ بۆ ئەكەسەی لە هەست و خوستی هەژاران و لێقەروماوان تێدەگات و لەگەڵ ئێش و ئازاری میللەتەكەی دەژی لە خۆشی و ناخۆشیدا.. هەروەك دروود بۆ ئەو ئەكادیمیەی بەستەڵەكی نێوان كۆمەڵگە و زانكۆ دەشكێنێ و بە یەكتر شادیان دەكاتەوە
This shortcode LP Profile only use on the page Profile