کۆبوونەوەی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو
ئەمرۆ دووشەممە ٢٤-٣-٢٠٢٠ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ئامادەبوونی هەردوو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و کارگێڕی و دارایی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوویەوە و گفتوگۆیان دەربارەی بە ئۆنلاینکردنی پرۆسەی خوێندن و کاروبارە ئیداریی و کارگێڕییەکانی زانکۆ کرد، تاکو لەو رێگەیەوە درێژە بە بەڕێوەچوونی خوێندن و کاروبارەکانی زانکۆ بدرێت کە لەم بارودۆخەی ئێستادا ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داخراون.
هەریەک لە بەڕێوەبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆ لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆ سەرنج و پێشنیاری خۆیان سەبارەت بە چۆنێتی و هەنگاوەکانی ڕاییکردنی کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان لەڕووی ئیداریی و کارگێڕی بەشێوەی ئۆنلاین خستەڕوو بەمەبەستی کەمکردنەوەی رۆتینات و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەو ڤایرۆسەی جیهانی گرتۆتەوە و مەترسی گەورەی دروستکردووە.
شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەڵمەتێكی هۆشیاری تەندروستی گرتۆتەبەر لەپێناو پاراستن و هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و هاوڵاتیاندا، كە تائێستا چەندین سیمینار و وۆركشۆپ و چالاكی زانستی لە كۆلێج و پەیمانگاكان و شوێنە گشتییەكاندا ئەنجامداوە لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیشەوە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی خۆپارێزی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.