ئەنجومەنی پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەشێوەی ئونلاین بەرێوەبرد
رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠٢٠/٣/٢١، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.ئالان فەرەیدون سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ئەنجومەنی پەیمانگای تەکنیکی بەکرەجۆ (بەیانیان/ئێواران) بە سەرۆکایەتی راگری پەیمانگا و ئامادەبوونی سەرۆکی سەرجەم بەشە زانستییەکانی پەیمانگا، کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی بەشێوەی ئونلاین ئەنجامدا.
ئەم کۆبوونەوەیە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخ و بەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن لە پەیمانگا بە شێوەی ئونلاین و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی هەر پێداویستییەک بۆ ئەم مەبەستە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانەی کە ڕووبەڕووی دامەزراوە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بوونەتەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا دوای باسکردن لە پرۆسەی خوێندن لە رێگەی ئۆنلاین و ئاستەنگاکان، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار خرانە روو بۆ تاوتوێکردن و دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ بەردەومیدان بە خوێندن و لە هەمان کاتیشدا پاراستنی پێوەرەکانی تەندروستی.