Back

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی:با نەورۆزی ئەمساڵ بكەینە هەوێنی سەركەوتنمان بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی گەلەكەمان ، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی داوادەكات كە نەورۆزی ئەمساڵ بكەینە هەوێنی سەركەوتنمان بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا. لەپەیامێكدا سەرۆك و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی گەلەكەمان پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی كوردستان و خەڵكی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەران دەكات . لەپەیامەكەی زانكۆدا هاتووە بەداخەوە ئەمساڵ وەك پێویست ناتوانین یادو ئاهەنگی جەژنی نەورۆز وەك ساڵانی ڕابردوو بەرز ڕابگرین بەڵام بەوە سەربەرزین كە ھەموو پێكەوە لە سەنگەرێكدا دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەجەنگین تا بەئەندازەی پێویست ژیانێكی نوێ و تەندروست بوونیات دەنێنەوە . گەلی كورد لە مێژە جۆرەھا ئازار و ناڕەحەتی و برسێتی و ڕاوە دوونان و زوڵم و ستەمی بینیوە بەڵام ئەم دۆخەیان سروشتی و گشتییەو پەیوەستە بە تەندروستی ھەمووانەوە ، ئەوەی لەئەمڕۆدا گرنگترینە تەنھا مانەوەمانە لەماڵەكانماندا و ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكانە و لەڕۆژانی ئایندەدا ھەموو پێكەوە دوای ئەم سەركەوتنە بەیەك دەنگ دەڵێین ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە جەژنێكی كۆنی كوردە بە خۆشی و بەھاتەوە. یادكردنەوەی جەژنی نەورۆزی كوردان، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەشیکی گرنگە لە تێکۆشانی بەردەواممان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنوسی گەلەكەمان و پێویستە هەمیشە لەهزری گشت تاكێكی گەلەكەماندا بمێنێتەوە ، بەم هەنگاوەش دەتوانین گیانی قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو شەهیدانی سەربەرزی تەواوی ناوچەکانی کوردستان شادو ئاسودە بکەین. بەهیوای تەندروستییەكی باش بۆ هەموولایەك دوبارە جەژنی نەورۆزی نەتەوەییمان لەسەرجەم خەڵكی بەشەرەفی كوردستان پیرۆز دەكەین. بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 2020/3/20
This shortcode LP Profile only use on the page Profile