زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئامادەكارییە تەكنیكییەكانی بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی تەواوكردووە
لە درێژەی كارە ناوازەو داهێنانە نوێكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئامادەكارییە تەكنیكییەكانی بۆ خوێندنی ئەلیكترۆنی (ئۆنلاین) تەواوكردەوە.
لەپاش دیراسەیەكی زانستی و وەرگرتنی ڕاو بۆچوونی كۆلیج و پەیمانگاكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و لەدوای ئەوەی پەتای كۆرۆنا بڵاوبویەوەو لەپێناو پاراستنی گیانی خوێندكاران وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناوەندەكانی خوێندنی لەزانكۆو پەیمانگاكاندا كردە پشوو، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا بۆ ئەوەی خوێندن پەكی نەكەوێت و خوێندكاران و مامۆستایان بەردەوام دانەبڕین پێكەوە ، سەرجەم ئامادەكارییەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی (ئۆنلاین) بەكۆتا هاتوەو ئامادەیە بۆ پەیڕەوكردن.
پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ووتەیەكیدا بۆ سایتی زانكۆ ڕایگەیاند:
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و هەستكردنمان بە ئەركی سەرشانمان و هەوڵدانمان بۆ هێنانەدی ئەلتەرناتیڤ لەكاتە پێویست و هەستیارەكاندا بەتایبەتی لە ئێستادا كە خوێندن بۆ ماوەیەك كراوەتە پشوو لەبەر هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بیرمان لەوە كردەوە هەوڵبدەین خوێندكاران لە خوێندن دانەبڕین و بە شێوازی ئەلیكترۆنی وانەكانیان بخوێنن كەئەمەش لەڕابردوودا ئەزمونمان لەگەڵ كردوەو ئێستاش سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ ئەو پرۆسە نوێیە ئامادەكراوە، هەروەها وتیشی ئەم پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنییە دەتوانین سوودی لێوەربگرین لە خولی پێداگۆجی و كۆبونەوەكانی زانكۆو خوێندنی باڵا و لەئایندەشدا بۆ خوێندنی بكارلۆریۆس و دبلۆم ، هەرلەو ڕوەوە خوێندكاران ئامادەدەكەین بۆ ئەم جۆرە ستایلە لە خوێندن كە بێگومان ئەمە نابێتە جێگرەوەی تەواوی خوێندنی ئاسایی زانكۆیی بەڵكو پرۆسەیەكی پاڵپشتییە بۆ خوێندن و دانەبڕانی خوێندكاران و مامۆستایان لە خوێندن.هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد ئەم شێوازی ئۆنڵاینەی خوێندن، بۆ بارودۆخی هاوشێوەی ئێستای کوردستان و جیهان کە مەترسیی کۆرۆنا کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر خوێندن و زۆر بواری تر کردووە، زۆر گونجاوە و سوودی زۆری هەیەو ئەنجومەنی زانكۆش فەرمانی بۆ دەركردووە.