خۆپارێزی زیاتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت
بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی فەرمانبەران و بۆ زیاتر دڵنیابوون لە خۆپارێزی بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ماددەی پاککەرەوەی دژە ڤایرۆس پرژێندرا.
لەو بارەیەوە عیماد مجيد نورى بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سایتی زانکۆی راگەیاند، هەر لەسەرەتای مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو لەسەر فەرمانی سەرۆکی زانکۆ، چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان لەسەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئەنجامدا، ئەمە جگە لەوەی هەر لەسەر فەرمانی بەرێزیان، پێداویستییەکانی خۆپارێزی و پاککردنەوەمان بەسەر فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆو کۆلێج و پەیمانگاکاندا دابەشکرد.
بەڕێوەبەری تەندروستی و سەلامەتی لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتیشی، ئەمڕۆش لە چوارچێوەی خۆپارێزییەکاندا، بیناو راڕەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بە ماددەی تایبەتی دژە ڤایرۆس دەپرژێنین، ئەویش بە ئامانجی رێگرتن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرژاندنە درێژەی دەبێت و لەسەرجەم کۆلێج و پەیمانگاکانی زانکۆمان ئەنجامدەدرێت.
جێی ئاماژەیە، تاوەکو ئێستا هەڵمەتی میدیایی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەسەرپەرشتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی راگەیاندن و چالاکییەکانی زانکۆمانەوە بەردەوامە و بەشێوازی ئەلیکترۆنی و لەڕێی دیزاین و برەوشەرو کتێبی تایبەتەوەو لەرێگەی پەیجەکانەوە، کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 چالاکی جۆراوجۆرو میدیایی ئەنجامدراون.