هۆشیاری تەندروستی دەدرێتە مامۆستایانی ئاینی ناحیەی دوکان و دەوروبەری
دوای ئەوەی بۆردی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە لایەن وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی دەکرێت، زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد تاوەکو هەرچی لەتوانایاندایە بۆ هاوکاری و پشتیوانی وەزارەتی تەندروستی و دەزگا تەندروستییەکان ئەنجامی بدەن، لەو سۆنگەیەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەکو بەشێکی کارا لەو هەڵمەتەی کە راگەیەندراوە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی چوارشەممە (۲۰۲۰/۳/٤) د.بەختیار کەمال تاڵەبانی مامۆستای کۆلێجی تەکنیکی تەندروستی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەهەڵمەتێکی هۆشیار کردنەوەدا لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی سنوری ناحیەی دوکان و پیرەمەگروون و دەوروبەریدا کۆبوویەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک زانیاری وردی بۆ مامۆستایان روون کردەوە تاوەکو لەرێی ئەوانەوە هاونیشتمانیانمان هۆشیار بکرێنەوە لەچۆنێتی خۆپارێزی و خەڵک پارێزی لەم ڤایرۆسەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
لای خۆشیانەوە مامۆستایانی ئاینی سوپاسی خۆیان گەیاندە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و هیوایان خواست کە بەردەوام لەم کارو چالاکییه زانستییانە هاوکاری میمبەری مزگەوتەکان بن و لە رێی ئەوانەوە خزمەتی پێویست بە کۆمەڵگە بکەن.
لەبەرامبەریشدا زانکۆمان بەڵێنی پێدان کە هەمیشە لەخزمەتی مامۆستایانی ئاینی و هاونیشتمانیاندا بێت.