
مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداریی خولێکی ڕاهێنان و وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتیی دەکات
ڕۆژی ۲٠۲٠/۳/۲ لە شاری (غرۆنینگن)ـی وڵاتی هۆڵەندا، م.تاژان دڵشاد، بڕیاردەری بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بازاڕگەریی کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆمان، بەشداریی خولێکی ڕاهێنان و وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتیی کرد و لە یەکەم ڕۆژیدا سیمینارێکی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی (بۆلۆنا) و (ECTS) لە زانکۆماندا پێشکەش کرد.
سیمینارەکە بە ناونیشانی (سیستمی بۆلۆنا و (ECTS) لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، لەنێوان دەستکەوت و ئاڵنگارییدا) بوو، کە تێیدا بە وردیی و بە پشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسییەک لەناو مامۆستایانی کۆلێج و ئەزموونی کەسیی، تیشکی خستەسەر ئاستی جێبەجێکردنی ئەو سیستمەی خوێندنی زانکۆیی لە زانکۆ و کۆلێج بە گشتیی و بەشی پەیوەندییەگشتییەکان و بازاڕگەریی بە تایبەت، کە بووە جێی خۆشحاڵیی و ستایشی ڕێکخەرانی چالاکییەکە.
ئەو چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتییە، لە چێوەی بەرنامەیەکی درێژخایەن و لە لایەن (زانکۆی غرۆنینگن) و بە بەشداریی هەشت زانکۆ و دەستە و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەدەچێت و وا بڕیارە ماوەی پێنج رۆژ بخایەنێت.