Back

دواین داتاو زانیاری دروست دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

وەك لای هەمووان ئاشكرایە لە ئێستادا ڤایرۆسی (كۆرۆنا) كە بە (كۆڤید 2019) ناسراوە، تاوەكو رێكەوت (2020/3/1) نزیكەی (58) وڵات لە سەرانسەری جیهاندا ڤایرۆسەكەیان تێدا بەدەر كەوتووە لەوانە وڵاتانی (ئاسیا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەمریكا و ئەفریقا)شی تێدایە، لە جیهاندا نزیكەی (87) هەزار و (137) كەس تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، لەو رێژەیەش نزیكەی (80) هەزار كەس لە وڵاتی (چین)ن و ئەوەی تریشی لەو وڵاتانەدا بڵاو بوونەتەوە كە ئاماژەمان پێدا. بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و هەڵوەستە لەسەر كردنە تاوەكو ئێستا رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە تەنها (3.4%)ە لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەر بێتو رێژەی مردن لەناو وڵاتی چینیش دیاری بكەین دەكاتە (3.5%) لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە، كە ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە بە بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی وڵاتەكەی، هەروەها رێژەی مردن بە ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵاتی چین (1.4%)ە كە زۆرترین رێژە لە وڵاتی ئێرانە كە دەكاتە (7.2%)، ئەگەر بێتو لەسەر ئاستی وڵاتە ئەوروپییەكان سەیری رێژەی مردن بكەین بە ڤایرۆسەكە، زۆرترینیان لە وڵاتای ئیتالیایە كە دەكاتە (2.5%) دوای ئەویش وڵاتی فەرەنسا دێت كە دەكاتە (2%)، هەروەها لە عیراق و كوردستانیش تا ئێستا (17) حاڵەتی تۆمار كراو بوونی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ گیان لەدەستدانی تێدا نەبووە، كەواتە ڤایرۆسەكە تا ئێستا راستە لە زۆر وڵاتی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام نەبۆتە ترس لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی، بۆیە بە باشی دەزانین كە هاونیشتمانیانمان لەوە دڵنیا بكەینەوە لەجیاتی ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێ‌ لەدڵی خۆیاندا دروست بكەن، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ خۆپارێزی جێبەجێ‌ بكەن: 1-دووركەوتنەوە لەسەرجەم شوێنە قەرەباڵغەكان، تا نزیك دەبینەوە لە وەرزی گەرما، چونكە گەرما هۆكارێكە بۆ لەناو بردنی ڤایرۆسەكە. 2-بە هیچ جۆرێك گەشت نەكرێت بۆ ئەو وڵاتانەی كە ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاوبۆتەوە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە رێژەیەكی زۆر لە ڤایرۆسەكە لەناو هاوڵاتیانیدا هەیە. 3-رێنماییمان بۆ ئەو هاوڵاتیانەی كە گەشتیان كردووە بۆ وڵاتی (چین و ئێران) یان هەر وڵاتێكی تر كە ڤایرۆسەكە تێدا بڵاوە، لەكاتی گەڕانەوەیان بە زووترین كات سەردانی لایەنە پەیوەندیدارە تەندروستی و ئەمنیەكان بكەن، تاوەكو گیانی خۆیان و خێزانەكانیان لە توشبوون بە ڤایرۆسەكە بپاریًَزن، مەرجیش نیە هەر هاوڵاتیەك سەردانی ئەو وڵاتەی كردبێت و گەڕابێتەوە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت، بەڵكو وا باشترە كە رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ‌ بكەن. 4-جێبەجێ‌ كردنی سەرجەم رێنماییە تەندروستی و ئەمنیەكانی كە لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە. 5-داوا لە هاونیشتمانیانی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە نزیكن لە ئێران و ناوچەكانی حكومەت فیدراڵی، زۆر پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەكان و بە وریاییەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانیان ئەنجام بدەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. 6-داوا لە سەرجەم راگەیاندنە بینراوو بیستراوو تۆڕە كۆمەڵایەتییە فەرمی و نافەرمییەكان دەكەین بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە زانیاری راست و دروست بگەیەنن بە هاونیشتمانیانمان و نەبنە مایەی دروستكردنی ترس و دڵەرٍِاوكێ‌ لەناویاندا. راگەیاندنی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی
This shortcode LP Profile only use on the page Profile