
وەزیری خوێندنی باڵا: تاقیگە زانستییەكانی زانكۆكان و سێنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی دەخرێنە خزمەتی روبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا
بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە بەشداری ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و راگری كۆلێژەكانی كۆمەڵەی پزیشكی و زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوەی ژووری عەمەلیاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو تێیدا چەند بڕیارێكی گرنگ دەركرا.
ئەمڕۆ یەكشەممە رێكەوتی (١/٣/٢٠٢٠) لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەسەرپەرشتی (د.ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆكانی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ڕاپەڕین، چەرمو و سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی و دیراساتی ستراتیژی و راگری سەرجەم كۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەكان، كۆبوونەوەی ژووری عەمەلیاتی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بۆ روبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەئكیدی كردەوە هەمو توانا مرۆییەكان و ژێرخانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە خزمەتی هەڵمەتەكانی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا دەبێت و بەكاردەهێنرێن بۆ پستیوانیكردنی وەزارەتی تەندروستی.
تیمەكانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەسەرپەرشتی ڕاگری كۆلێژی پزیشكی گشتی و ئەندامێتی ڕاگرانی سەرجەم كۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی و كۆلێجی زانستە بنچینەییە پەیوەندیدارەكان ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن، هەروەها چەندین تیمی لاوەكیش تایبەت بە هۆشیاری تەندروستی و خۆپاراستن و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا پێكدەهێنرێت و تیمی تایبەت بە دەستنیشانكردن و چارەسەركردن و ڕاوێژی زانستی و توێژینەوەی زانستی پێكدەهێنرێت و هەمو تیمەكانیش بە بەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەكان و بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەكەن.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا چەند بڕیارێكی گرنگ دران:
1. هەموو ئامێرەكانی (Real-Time PCR) كە لە زانكۆكان و سێنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستەبەرن تەرخان دەكرێن بۆ مەبەستی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە پێی پێوەرەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تاقیگەی ستاندارد ئامادە دەكات و ئامێرو پێداویستییەكانیش لەو تاقیگەیە دادەنرێن و لەلایەن پسپۆڕانی زانكۆكانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە دەبرێن.
2. بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی كیتی پێویستی بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە دابیندەكرێت.
3. وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستمی (GIS) دادەمەزرێنێت بۆ مەبەستی چاودیریكردن و تۆماركردنی زانستیانەی هەموو داتاكان و سودلێوەرگرتنی بۆ خۆپاراستن و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.
4. ڕاهێنانی مامۆستایان و تیمە خۆبەخشەكانی زانكۆكان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای كۆرۆنا دەستپێدەكات، ڕاهێنانەكان هەموو بوارەكانی هۆشیاری تەندروستی و پارێزگاری كردن لە بڵاوبونەوە و دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی نەخۆشیەكە دەگرێتەوە.
5. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باڵاخانەی گونجاو دابین دەكات بۆ ئەوەی لە كاتی پێویستدا دامودەزگاكانی وەزارەتی تەندروستی سودیان لێ وەربگرن.
6. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتیوانی دارایی بۆ توێژنەوە زانستییەكانی تایبەت بەم نەخۆشییە تەرخان دەكات.
جێگەی ئاماژەیە تیمی سەرەكی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی گستی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەكات و ڕاپۆرتی بەردەوامیش دەدات بە ژوری عەمەلیاتی سەرەكی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.