
وەزیری خوێندنی باڵا: بەمنزیكانە ئەنجامە بەراییەكانی تاقیكردنەوەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا رادەگەیەنرێت و لە پرۆسەكەدا شەفافیەت و هەلی یەكسان و دادپەروەری رەنگدەداتەوە
ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (23/2/2020) بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، (ژووری سەرپەرشتیكردنی پڕۆسەی خوێندنی باڵا) بەمەبەستی بەڕێوەچوونی دواین هەنگاوەكانی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان، بەئامادەبوونی ئەندامانی كۆبۆوە، تیایدا وردەكاری قۆناغەكانی پرۆسەی خوێندنی باڵا هەڵسەنگێندرا، كە كۆی قۆناغەكانی ئەم پرۆسەیە بریتین لە (پیشكەشكردن، ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان، رێكخستنی پێشبڕكێ، راگەیاندنی ئەنجامەكان).
لە وتەیەكدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختیكردەوە بەهەماهەنگی زانكۆكان بۆ ئەمساڵی خوێندنی (2019-2020) گشت ڕێوشوێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هەر سێ بنەمای (شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەكسان و دادپەروەری) لە پرۆسەی خوێندنی باڵا/دبلۆم و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی كوردستان رەنگبداتەوە و مافی هیچ پێشكەشكارێك نەفەوتێت بەشێوەیەك پرۆسەكە دوور بێت لە هەمو دەستوەردانێك و پرۆفایلی ئەكادیمی پێشكەشكاران یەكلاییكەرەوەی پێوەرەی سیستمی خاڵبەندی بێت بۆ ریزبەندكردنی پێشكەشكاران، د.ئارام محمد قادر دووپاتیشیكردەوە لەپێناو شەفافیەتی پرۆسەكە دوای تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی، ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنرێت، بەجۆریك هەموو پیشكەشكارێك دەتوانێت پرۆفایلی خۆی لەناو پێشبڕكێدا ببینێت.
بۆ قۆناغی پێشكەشكردن دوو لیژنەی جیاواز لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی زانكۆ و كۆلێژ لە گشت زانكۆكان پێكهاتووە، بەمەبەستی وردبینیكردن لە دۆسیەی پێشكەشكاران لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكانی پەیوەندیدار و هەموو لیژنەكان توانیویانە تەواوی دۆسیەكان بە فلتەری وردبینیدا تێپەڕێنن و هەر دۆسێیەك گرفتی یاسایی هەبووبێت لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكان رەتكراوەتەوە.
دواتر لە قۆناغی دووەمدا كە بریتییە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندین ڕێوشوێنی لەڕێگەی دەرچوواندنی رێنمایی و گشتاندن و نووسراوی فەرمی بۆ زانكۆكان گرتوتەبەر بۆ مەبەستی پەیڕەوكردنی شەفافیەت لە پرۆسەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، نمونەی ئەو رێكارانەش بریتین لە رێگەنەدان بە هەڵەچنینی پەراوی تاقیكردنەوەكان لە دەرەوەی حەرەمی زانكۆ، هەروەها ئەو مامۆستایانەی كە كەسی نزیكیان داوایان بۆ خوێندنی باڵا پێشكەس كردبێت ئەوا ڕێگەیان پێ نەدراوە كە لە پرۆسەی دانانی پرسیار و هەڵە چنیندا بەشدار بن، هاوكات رێگەنەدراوە بە بردنه ژورەوەی هیچ ئامێرێكی ئەلكترۆنی بۆ ناو هۆڵەكانی تاقیكردنەوه، لەهەر جێگایەكیش پێویست بوبێت زانكۆ ئامێری ژمێرەری بۆ بەشداربوان دابینكردووە.
بۆ قۆناغی سێیەمیش كە بریتییە لە پرۆسەی داخیلركردنی نمرەی گشت پێوەرەكانی سیستمی خاڵبەندی و رێكخستنی پێشبڕكێ بۆ ڕیزبەندكردنی پێشكەشكاران لە چوارچێوەی پلانی پەسەندكراو، لەسەر بڕیاری وەزارەت بەمەبەستی نەبونی هەڵەو پەیڕەوكردنی شەفافیەت لێژنەیەكی چوار ئەندامی لەسەر ئاستی هەر كۆلێژێك لە گشت زانكۆكان داتاكان و نمرەكان لە فۆرمێكی یەكگرتودا تۆمار دەكەن و واژوی لەسەر دەكەن و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرن.
جێگەی ئاماژەیە لەئێستادا وردبینی بۆ داتای پێشكەشكاران و ئەنجامەكان و سیستمی خاڵبەندی و پێشبركێ دەكرێت و پرۆسەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە، لە دوای تەواوبوونی لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجامە بەراییەكان رادەگەیەنرێت و دەرگای سكاڵاو تانەگرتن بۆ پێشكەشكاران دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت.