Back

وۆركشۆپی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لە دەربەندیخان بەڕێوەچوو

لە درێژەی بەسەركردنەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی شوباتی  2020 لیژنەی ڕاسپێردراوی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكان  پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخانیان بەسەركردەوەو سەرەتا لەگەڵ پ.ی.د. سالم نعمت ڕاگری پەیمانگا كۆبونەوەو ئامانجی كۆبونەوەكەیان خستەڕوو كە سازكردنی وۆركشۆپێكی تایبەتە بە ڕاگەیاندن و دانانی بەرنامەو پلانی نوێ بۆ كارەكانی داهاتوو، ئەویش لای خۆیەوە خۆشحاڵی بەسەردانەكە دەربڕی و بەگرنگی زانی ئەو جۆرە سەردانانە و ئەنجامدانی وۆركشۆپانە بەردەوامی هەبێت لەپێناو ڕەخساندنی هەلی پێویست لە نوێكردنەوەی كارو چالاكییەكان و ڕونكردنەوەی ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە لەداهاتودا بنرێت.

پاشان ئارام بكر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وۆركشۆپێكی بۆ كۆمەڵێك لە مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان ڕێكخست لەسەر گرنگی ڕاگەیاندن و برەودان بە بواری سۆشیال میدیاو ڕوماڵكردنی چالاكییە جۆراو جۆرەكانی پەیمانگاكە بەتایبەتی كارو چالاكی خوێندكاران كە لەچوارچێوەی كاروباری زانستی و ئەكادیمی خوێندكاران و مامۆستایان بەڕێوەبچێت . هەروەها باسی لە چۆنێتی بەرەو پێشبردنی ئیش و كارەكانی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان كرد و دەستخۆشی لە كادرانی ڕاگەیاندن كرد كە تواناكانیان بەئاراستەی خزمەتكردنی خوێندكارانی پەیمانگاكە بوەو ڕایگەیاند پێویستە هەوڵ بدرێت زۆرترین چالاكی خوێندكاران دەربخرێت و لەو ڕێگەیەشەوە هانی سەرجەم بەشەكان بدرێت كە كاری زانستی ناوازە ئەنجام بدەن كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی زانكۆیە.

 لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان سوپاسی سازدان و بەڕێوەبردنی وۆركشۆپەكەی كرد و ڕایگەیاند بەهەموو توانایەكمانەوە كارمان كردوەو دەیكەین بۆ دەرخستنی تواناو لێهاتوییەكانی خوێندكاران بەتایبەتی و پەیمانگاكەمان بەگشتی ، وە ووتی ئەم جۆرە سەردان و بەسەركردنەوانەش زیاتر هانمان دەدات كە چالاكییەكانمان زیاتر فراوانتر بكەین و خۆمان ئامادەبكەین بۆ كارو چالاكی زیاتر.

لەكۆتاییدا بە ئامانجی بەهێزكردن و گرنگی پێدانی زیاتر بە بواری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی بەشدار لە وۆركشۆپەكەدا چەندین پرسیارو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو لەلایەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆوە وەڵام درانەوەو بەڵێنیان پێدرا داواكارییەكانیان بگەیەنرێت بە سەرۆكی زانكۆو هەرچی لەتوانادا بێت بۆیان ئەنجام بدرێت.

لیژنەكە هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخانی بەسەركردەوەو چەندین ڕێنمایی پێویستیان پێدرا لەسەڕ بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانی داهاتویان لەكەم و كوڕییان كۆڵرایەوەو بەڵێن درا هەرچییەكیان پێبكرێت بۆیان ئەنجام بدەن.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile