وۆرکشۆپی پەرەپێدانى میدیای وەرزشی بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20 ی شوباتی 2020 بە ئامادەبوونى ڕاگری کۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی سلێمانی و نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسانى وەرزشی، وۆرکشۆپی پەرەپێدانى میدیای وەرزشی بەڕێوەچوو، تێیدا تیشکخرایە سەر بوارە جیاوازەکانى میدیای وەرزشی لە هەرێمى کوردستان.
لە سەرەتاى وۆرکشۆپەکەدا پ.ی.د.حەکیم عوسمان ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەو جۆرە وۆرکشۆپانە کرد و ئامادەیی کۆلێجیشی بۆ کردنەوەی بەردەوامی ئەو جۆرە وۆرکشۆپانە ڕاگەیاند.
پاشان لەلایەن ئەنوەر حسێن جێگری نەقیبی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە وتەیەکدا ڕۆڵی دەزگا ئەکادیمییەکانى بەرزنرخاند لە ڕێکخستنى وۆرکشۆپی لەو شێوەیە کە تایبەتە بە میدیاى تایبەتمەند.
پاشان وۆرکشۆپەکە لەلایەن پ.ی.د.ڕێبەر گۆران سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا وترایەوە و نزیکەى سێ کاتژمێری خایاند و تیایدا بە وردی باسی لە میدیای تایبەتمەند و بابەتە پەیوەندیدارەکان کرد و بەشداربووانیش پرسیار و سەرنجەکانیان خستەڕوو دەربارەی بابەتەکە.
لە کۆتاییدا بڕوانامەی بەشداربوون درایە ئامادەبوانی وۆرکشۆپەکە و دواتریش بە پرسیار و وەڵامی بەشداربووان كۆتایی هات.