سیمپۆزیۆمی بەرەو زاڵ بوون بەسەر ترس و درمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو
لەدرێژەی هەڵمەتی هۆشیاری و خۆپاریزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕایگەیاندووە، سیمپۆزیۆمی بەرەو زاڵ بوون بەسەر ترس و درمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی زانستییەوە بەڕێوەچوو.
بەچاودێری پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە توێژەران و مامۆستایانی زانكۆو خوێندكاران و فەرمانبەران وە نوێنەری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ، ئەمڕۆ سێشەممە 18 ی شوباتی 2020 لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سیمپۆزیۆمی بەرەو زاڵ بوون بەسەر ترس و درمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتا ووتاری دەستپێك لەلایەن ئارام بكرەوە پێشكەشكراو دواتر ووتەی پ.ی.د. ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەشكراو تیایدا دەستخۆشی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هۆشیاری و خۆپارێزی لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربڕی و ڕایگەیاند كە زانكۆمان هەر لەسەرەتاوە وەك بەرپرسیارێتی سەرشانی هەستا بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی لەپێناوی بڵاوكردنەوەی زانست و زانیاری نوێ لەسەر ڤایرۆسەكەو چۆنێتی خۆپاراستن لێی. لەبەشێكی تری ووتەكەیدا سەرۆكی زانكۆ باسی لەو پێشكەوتنانە كرد كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا لە ڕووی زانستییەوە بەدەستی هێناوە لەوانە: زیادكردنی ژمارەی توێژینەوە زانستییەكان و بەدەستهێنانی چەندین بڕوانامەی بەرز و ناوازە و هاتنە پێشەوەی ناوی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەنێو ڕانكی نێودەوڵەتی و نیشتمانیدا، لەكۆتاییدا هیوای سەركەوتنی بۆ سیمپۆزیۆمەكەو ئامادەبوان خواست.
دواتر لەلایەن د. محمد بابەكر ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشینەیەكی مێژویی و درمزانی و كلینیكی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكەشكرد كە بەشێوازێكی وورد هەموو ئامارو داتاكانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەی خستە ڕوو، باسی لەوەكرد كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبازاڕێكی خواردنە دەریاییەكان لەشاری وۆهان لە ووڵاتی چینەوە سەریهەڵداوەو بەپێ ی لێكۆڵینەوەی زانایان لەمارو شەمشەمە كوێرەوە بەهۆی بازدانێك لە بۆماوەییەكانی بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە. لەتەوەرێكی تردا د. محمد بابەكر باسی لە دەستنیشانكردنی ڤایرۆسەكە كرد كە لە ئێستا لە كوردستان و پارێزگای سلێمانیشدا زۆر ئاسانە دیاری بكرێت و ئاماژەی كرد كە لە تاقیگەكانی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەموو ئەو ئامێرانە بونیان هەیەو دەتوانین كاریان لەسەر بكەین.
هەروەها د. طە احمد فرج بابەتێكی بەناونیشانی ( تۆ ڕۆحیت و جەستەت پێدراوە، نەك جەستە بیت و ڕۆحت پێدرابێت) پێشكەشكرد كە جێ ی سەرسامی ئامادەبوان بوو لە پێشكەشكردنی ئەو زانستەی كە پێویستە مرۆڤ بەهێزبێت بەرامبەر بە هەر نەخۆشییەك كە ڕوبەڕووی دەبێتەوە.
پاشان لەلایەن (م. بڕوا خالید شاكر خوێندكاری دكتۆراو پ.ی.د عبداللە احمد حمە و پ.ی.د خالد حیدر) سێ سیمیناریان لەسەر سەلامەتی خۆراكی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكەو لێكەوتە ئابورییەكان پێشكەشكرد.
لەكۆتاییدا ئامادەبووان چەندین پرسیارو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو لەسەر بابەتە پێشكەشكراوەكان و لەلایەن سیمینارستەكانەوە وەڵامی پێویست درانەوە.