Back

سیمپۆزیۆمێكی زانستی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەچوو

بەمەبەستی گۆڕینەوەی زانیاری و لێهاتوویی پێویست لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سیمپۆزیۆمێكی زانستی بەهاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو. رۆژی چوارشەممە 2020/2/12 بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.رەزا حەسەن زانكۆی سلێمانی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و چەندین پرۆفیسۆر و پزیشك و مامۆستایان و ژمارەیەكی بەرچاو لە خوێندكارانی زانكۆ، بەهاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی لەگەڵ نوێنەرایەتی (WHO)، سیمپۆزیۆمێكی زانستی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هۆڵی راپەڕین لە كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی ئەنجامدرا. سیمپۆزیۆمەكە لە دوو پانێلی زانستی پێكهاتبوو كە نزیكەی دوو كاتژمێری خایاند، لە پانێلی یەكەمدا هەریەك لە (د.سالار ئیبراهیم مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی/زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پ.ی.د.عوسمان جەمال مامۆستا لە كۆلێجی ڤێرتەرنەری، پ.ی.د.خەندە عەبدول لەتیف مامۆستا لە كۆلێجی دەرمانسازی/زانكۆی سلێمانی، پرۆفیسۆر د.زانا حەمید/بەڕێوەبەرایەتی فێرتەرنەری سلێمانی ) بەشێوەیەكی زانستی تیشكیان خستەسەر مێژووی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاراكتەرەكانی مایكرۆبایۆلۆجی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێكی پزیشكیی. پانێلی دووەمی سیمپۆزیۆمەكە لەلایەن هەریەك لە (د.محەمەد بابەكر مینا راگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی/زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.شاهۆ عەبدولڕەحمان/ مامۆستا لە كۆلێجی دەرمانسازی/زانكۆی سلێمانی، د.رزگار عەلی/بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاری تەندروستی سلێمانی، د.نەجمەدین حەسەن/نوێنەری رێكخراوی WHO لە سلێمانی) پێشكەشكرا و تێیدا بە وردی گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە دەرهاویشتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێنماییە پێویستەكان و رێگاكانی خۆپاراستن لەم ڤایرۆسەی سەدەیە. شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەڵمەتێكی هۆشیاری تەندروستی گرتۆتەبەر لەپێناو پاراستن و هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و هاوڵاتیاندا، كە تائێستا چەندین سیمینار و وۆركشۆپ و چالاكی زانستی لە كۆلێج و پەیمانگاكان و شوێنە گشتییەكاندا ئەنجامداوە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile