وردبینی كردن بۆ دەفتەری تاقیكردنەوەكانی خوێندنی باڵا بەردەوامە
دوابەدوای ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا (دكتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا) لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەئێستادا لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان سەرەڕای پشووی فەرمی سەرقاڵی وردبینی كردنی دەفتەرەكانی پێشكەشكاران.
لەو بارەیەوە ئەندامێكی لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان لە بە سایتی زانكۆی راگەیاند: زۆر خۆشحاڵین وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی توانیمان بەسەركەوتوویی پرۆسەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ خوێندنی باڵا (دكتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا) بەڕێوەببەین، وە لەئێستاشدا بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرقاڵی وردبینی كردنی دەفتەری تاقیكردنەوەكانی پێشكەشكارانین.
لەو چوارچێوەیەشدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستخۆشی لە ئەندامانی لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان دەكات كە ئەمڕۆ 2020/2/11 سەرەڕای پشووی فەرمی هاتوونەتەوە بۆ زانكۆ و دڵسۆزانە سەرقاڵی راپەڕاندنی ئەركەكانیان تا لە زووترین كاتدا كارەكان تەواوبكەن.
شایەنی باسە رۆژی دووشەممەی رابردوو 2020/2/10 زیاتر لە 11 هەزار و 200 پێشكەشكار بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (دكتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا) لە زانكۆكانی كوردستان بۆ ساڵی 2019-2020 كرد كە لەو رێژەیەش 263 كەسیان لە هۆڵی تاقیكردنەوەكانی سەنتەری نێودەوڵەتی ئینگلیزی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تاقیكردنەوەیان ئەنجامدا.