چەند رێنماییەك دەربارەی پرۆسەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا بڵاوكرایەوە
سەبارەت بە پرۆسەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی چەند رێنمایی و روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
بەپێی ئەو رێنماییانەی ئاڕاستەی كراوە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی 2020/2/10 ئەنجام دەدرێت لە سەرجەم زانكۆكان بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا، هەروەها ماوەی كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە لەهەر بەشێكی زانستی لەلایەن لیژنەی تاقیكردنەوەكان دیاری دەكرێت ئەمەش بەپێی ماوەی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان، وە مەرجە وەڵامدانەوەی تاقیكردنەوە تەنها بە قەڵەم جافی رەنگی (شین) بێت، هەر بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت رێگەنادرێت بە بەكارهێنان و بردنە ژوورەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و تەكنۆلۆژیا لەگەڵ ئەوەی نابێت پێشكەشكار ئامێری ژمێرە (حاسیبە) بباتە نێو هۆڵی تاقیكردنەوەكان.
لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی زانستی و خوێندنی باڵا لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاگاداری ئەو خوازیارانە دەكات كە پێشكەشی خوێندنی باڵا ( دكتۆرا، ماستەر، دبلۆمی باڵا )یان كردووە، رۆژی دووشەممە 2020/2/10 كاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی تاقیكردنەوەی ( IELTS)ی سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی ئەنجام دەدرێت، ماوەی تاقیكردنەوە بۆ ماستەر و دبلۆمی باڵا سێ كاتژمێرە و بۆ دكتۆراش چوار كاتژمێرە.
تێبینی: پێویستە خوازیاران یەك كاتژمێر پێش كاتی تاقیكردنەوە ئامادەبن و كارتی نیشتمانی یان پێناسی (باری شارستانی )یان پێبێت لەگەڵ پێنووسی رەنگی شین.