سیمینارێک سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو
لەچوارچێوەی هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنێتی خۆپاراستن لێی كە لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕاگەیەندراوە و بەئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر سەبارەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سیمینارێک لەلایەن کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی كەمپسی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو.
کاتژمێر ٧ی ئێوارەی دووشەممە ۲٠۲٠/۲/۳ بەئامادەبوونی (پ.ی.د. عطاء شێخ کریم )ڕاگری کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری و (رەزا سەنگاوی) لێپرسراوی بەشەناوخۆییەکان و مامۆستا (عیماد جەباری) لێپرسراوی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، لە هۆڵی سیمیناری کەمپسی کۆلێجە تەکنیکییەکان سیمیناری خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا بابەتێک لەلایەن (شیراز شێرزاد) لە هۆبەی تەندروستی و سەلامەتی کۆلێجی ئەندازیاری و (گەشتیە سلێمان) خوێندکاری قۆناغی سێی تەندروستی و کۆمەڵ پێشکەشکرا. لە بابەتەکەدا مێژووی دروستبوونی ڤایرۆسەکەو نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان خستەڕوو، هەروەها ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لەڤایرۆسەکە بۆ خوێندکاران ڕونکرایەوە.