دواین پلانی پەسەندکراوی خوێندنی باڵا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
لەدوای بڕیاری کردنەوەی خوێندنی باڵا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پاش پەسەندکردنی پلانی یەکەمی خوێندنی ماستەرو دکتۆراو دبلۆمی باڵا لەزانکۆمان، بەهەوڵی سەرۆکی زانکۆو یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پلانی دووەم و کۆتایی زانکۆمان لەسودی فێرخوازان پەسەندکرا. بەپێی نوسراوی ژمارە ٩/ ٢٣٣٧٢ له ٢٤/١٢/٢٠١٩ کە ئاراستەی زانکۆمان کرابوو،
لەوکاتەدا بەشێک لەپلانی خوێندنی باڵای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پەسەندکران.
پاش بەدواداچوونی وردی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆو پرۆفیسۆر د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بەسوپاسەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنوسراوی ژ ١٨٧٥ له ٢١/١/٢٠٢٠ رەزامەندی لەسەر بەشی دووەم و کۆتایی پلانەکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پیشاندائەمەش بۆ زیاتر خزمەتکردنی خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان.
لەوبارەیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ سایتی زانکۆ رایگەیاند، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ستافی وەزارەت و دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین دەکەین، کە توانیمان پێکەوەو بۆ یەکەمجارو بەو ژمارە بەرچاوە، کورسی خوێندنی باڵا بۆ ئارەزومەندانی خوێندنی ماستەرو دکتۆراو دبلۆمی باڵا دابین بکەین. پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین راشیگەیاند، کورسییەکانمان بۆ فەرمانبەران و ستافی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆکانی دیکەوە وەزارەتەکانی دیکەی جگە لەوەزارەتی خوێندنی باڵاو ئارەزومەندانی دیکەش هیچ رێگرییەک جگە لەمەرج و رێنماییەکان بۆ پێشکەشکردن لەزانکۆماندا نییە. سەرۆکی زانکۆ وتیشی، هەوڵی تەواودەدەین بەهاوکاری وەزارەت و ستافی زانکۆمان تەواوی پێداویستییە لۆجستی و زانستییەکانی خوێندنی باڵا لەزانکۆماندا دابین بکەین و بەئاستێکی باشەوە دەست بەخوێندنی باڵا لەزانکۆمان بکەین.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و فۆرم و رێنماییەکانی وەزارەتی خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، سەردانی ئۆفیسی نێودەوڵەتی بکەن لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.