وۆركشۆپی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لەكەلار بەڕێوەچوو
لە میانەی بەسەركردنەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 21 ی كانونی دووەمی 2020 لیژنەی ڕاسپێردراوی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكان كە پێكهاتبون لە ( ئارام بكرعمر- سۆران حەسەن حمەصالح– ڕێگا احمد عبداللە) پەیمانگای تەكنیكی كەلاریان بەسەركردەوەو سەرەتا لەگەڵ د.چیا محمد حسن ڕاگری پەیمانگا كۆبونەوەو ئامانجی كۆبونەوەكەی بۆ باسكرا، ئەویش لای خۆیەوە خۆشحاڵی بەسەردانەكە دەربڕی و بەگرنگی زانی ئەو جۆرە سەردانانە و ئەنجامدانی وۆركشۆپانە بەردەوامی هەبێت لەپێناو ڕەخساندنی هەلی پێویست لە نوێكردنەوەی كارو چالاكییەكان و ڕونكردنەوەی ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە لەداهاتودا بنرێت.
دوابەدوای ئەوە ئارام بكر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چالاكییەكان لەسەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وۆركشۆپێكی بۆ كۆمەڵێك لە خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆ ڕێكخست لەسەر گرنگی ڕاگەیاندن و برەودان بە بواری سۆشیال میدیاو ڕوماڵكردنی چالاكییە جۆراو جۆرەكانی پەیمانگاكە بەتایبەتی كارو چالاكی خوێندكاران كە لەچوارچێوەی كاروباری زانستی و ئەكادیمی خوێندكاران و مامۆستایان بەڕێوەبچێت . هەروەها باسی لە چۆنێتی بەرەو پێشبردنی ئیش و كارەكانی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار كرد كە لەڕابردوودا ئیش و كارەكانیان بەباشی بەڕێوەبردوە بەڵام بۆ لەمەودوا پێویستە بە شێوازو ستایلێكی نوێوە كارەكانی درێژە پێبدات و هەوڵ بدرێت زۆرترین چالاكی خوێندكاران دەربخرێت و لەو ڕێگەیەشەوە هانی سەرجەم بەشەكان بدرێت كە كاری زانستی ناوازە ئەنجام بدەن كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی زانكۆیە.
هێمن سعید تاهیر لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار سوپاسی سازدان و بەڕێوەبردنی وۆركشۆپەكەی كرد و ڕایگەیاند بەهەموو توانایەكمانەوە كارمان كردوەو دەیكەین بۆ دەرخستنی تواناو لێهاتوییەكانی خوێندكاران بەتایبەتی و پەیمانگاكەمان بەگشتی ، وە ووتی ئەم جۆرە سەردان و بەسەركردنەوانەش زیاتر هانمان دەدات كە چالاكییەكانمان زیاتر فراوانتر بكەین و خۆمان ئامادەبكەین بۆ كارو چالاكی زیاتر.
لەكۆتاییدا بە ئامانجی بەهێزكردن و گرنگی پێدانی زیاتر بە بواری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگای تەكنیكی كەلار خوێندكاران و فەرمانبەرانی بەشدار لە وۆركشۆپەكەدا چەندین پرسیارو سەرنجی خۆیان خستە ڕوو لەلایەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆوە وەڵام درانەوەو بەڵێنیان پێدرا داواكارییەكانیان بگەیەنرێت بە سەرۆكی زانكۆو هەرچی لەتوانادا بێت بۆیان ئەنجام بدرێت.
لەكۆتاییدا لیژنەكە هۆبەی ڕاگەیاندنیان بەسەركردەوەو چەندین ڕێنمایی پێویستیان پێدرا لەمەڕ بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانی داهاتویان لەكەم و كوڕییان كۆڵرایەوەو بەڵێن درا هەرچییەكیان پێبكرێت بۆیان ئەنجام بدەن.