ئەنجومەنی زانكۆ یەكەم كۆبوونەوەی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا
بەمەبەستی تاوتوێكردنی خوێندنی باڵا و داواكارییەكانی خوێندكاران، ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (7)ی خوێندنی ساڵی 2019-2020 و یەكەم كۆبوونەوەی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2020\1\20 ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەسەرۆكایەتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆ و بەئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن كۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (7)ی رێكخست، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ سەبارەت بە كورسییەكانی دكتۆرا و ماستەر و دبلۆمی باڵا و دابینكردنی پێداویستییەكان و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەكارییەكان بۆ تاقیكردنەوەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا كرا كە هاوشێوەی زانكۆ تەكنیكییەكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بەشێوازی زانستی و ئەكادیمیی جێبەجێ دەكرێت وە نازناوی زانستی بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بە دەرچووان دەدرێت.
ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیدا تیشكی خستەسەر وردەكارییەكانی تایبەت بە پێكهێنانی لیژنە زانستییە جیاوازەكان بەئامانجی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی پێشكەشكردن و تاقیكردنەوەكان و راگەیاندنی دەرئەنجامەكان.
لە كۆتاییدا و بەئامادەبوونی ( توانا سەعید ) نوێنەری خوێندكاران ئەنجومەنی زانكۆ تاوتوێی داواكارییەكانی خوێندكاران و گرفتەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان كرد بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندن، پاشان تیشكخرایە سەر ئەنجامدانی چالاكییە زانستییەكان و بڵاكردنەوەی هۆشیاری یاسایی و كۆمەڵایەتی لەناو كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ وە رێنمایی پێویست لەوبارەیەوە بە نوێنەرەكەی خوێندكاران درا، هەروەها لەلایەن نوێنەری خوێندكارانەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرا كە بەردەوام لە هەوڵی پێشخستنی پرۆسەی خوێندن و دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندكاراندا بوون و هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنەوە تەواوی كەلوپەلی هۆڵەكانی خوێندن و پێداویستییەكان بۆ بەشەناوخۆیی خوێندكاران دابینكراوە.