ناوەندێكی ئەكادیمی و كەلەپوور و كلتووریی لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشیان واژۆكرد
لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دڵسۆزی بۆ خاك و نەتەوەی كورد و پێشخستنی كەلەپوور و كلتووری خۆماڵی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ماڵی سۆفی كەریم بۆ كەلەپووری كورد لێكتێگەیشتنێكی كاركرد و هەماهەنگی رۆشنبیری و كەلەپوورییان واژۆكرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/1/16 بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و ئەكرەم عوسمان بەڕێوەبەری كەلتووری و كەلەپووری ماڵی سۆفی كەریم و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ و بەڕێوەبەری راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ و ژمارەیەك رۆشنبیران و هونەرمەندان، لە ماڵی سۆفی كەریم لە گەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی، لێكتێگەیشتنێكی كاركرد و هەماهەنگی رۆشنبیری و كەلەپووریی لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ماڵی سۆفی كەریم بۆ كەلەپووری كورد واژۆكرا.
بەپێی لێكتێگەیشتنەكە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ماڵی سۆفی كەریم بۆ كەلەپووری كورد هاوبەشی دەكەن لە ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و بۆنە و یادە كەلەپوورییەكان و هەروەها گرنگیدان بە توێژینەوەی مێژووی سلێمانی و كاركردن بۆ گەشەپێدانی لایەنی فەرهەنگی و كلتووری و كەلەپووری لە سلێمانی و هەرێمی كوردستان، وە چەند خاڵێكی دیكەی كارو چالاكی هاوبەش.
لە وتەیەكدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بە گرنگی و ئامانجی لێكتێگەیشتنە كرد و وتی: وەك هەستكردن بەو ئەركەی لەئەستۆمانە و وەك یەكێك لە پێداویستییەكانی كۆمەڵگە و لەپێناو پاراستنی كەلتوور و كەلەپووری كوردی پایتەختی رۆشنبیری و هەرێمی كوردستان ئەم رێككەوتننامەیەمان واژۆكرد، ئەم رێككەوتننامەیە چوارچێوەیەكی یاساییە بۆ كاركردنی هاوبەش لە نێوان هەردوولاماندا.
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی: پلانی كار و چالاكی هاوبەشمان هەیە لەپێناو پاراستنی كەلەپوور و كلتووری شارەكەمان بەشێوەیەكی زانستی لە رێگەی ئەو كارمەندە ئەكادیمیی و زانستییانەی لە زانكۆماندا هەیە.
لە لێدوانێكدا بۆ سایتی زانكۆمان ئەكرەم عوسمان بەڕێوەبەری كەلتووری و كەلەپووری ماڵی سۆفی كەریم وتی: جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ لەگەڵ ناوەندێكی زانستی و ئەكادیمیی وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كارو چالاكی و پرۆژەی هاوبەش ئەنجام دەدەین بۆ بەرەوپێشبردنی لایەنی فەرهەنگی و كلتووری و كەلەپووری نەتەوەكەمان، وە هیوادارین ئەم لێكتێگەیشتنە ببێتە هەوێنی چەندین پرۆژەی گرنگی دیكەی نەتەوەكەمان.
ماڵی سۆفی كەریم یەكێكە لە شوێنە كەلەپووری و كەلتوورییەكانی گەلی كورد و دەكەوێتە گەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانی، چەندین كەلوپەلی مێژوویی و كەلتووری و هونەری ناوازەی تێدا پارێزراو و وەك ناوەندێكی شوێنەوار هاوڵاتیان و گەشتیاران سەردانی دەكەن.