زانكۆیەكی چینی ژمارەیەك كورسی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا بۆ زانكۆمان رادەگەیەنێت
بەپێی نوسراوێك كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كراوە زانكۆی دالیان لە ولآتی چین چەند سكۆڵەرشیپ بۆ خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە چەند بوارێكی جیاوازدا رادەگەیەنێت، هەر كەسێك خوازیارە پێشەكشی ئەو سكۆڵەرشیپانە بكات ئەوا پێویستە تا رۆژی 1/3/2020 دۆكیومێنتەكانی پێشكەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/ئۆفیسی نێودەوڵەتی بكات.
لەبارەی ناوەرۆكی ئەم سكۆڵەرشیپانەوە، شیروان حامد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: كرێی خوێندنی بۆ ماستەرو دكتۆرا، شوێنی مانەوە و مانگانەیەكشیش بە بڕی نزیكەی 435 دۆلار بۆ خوێندكاری ماستەرو 500 دۆلار بە خوێندكاری دكتۆرا دەدرێت.
سەبارەت بە مەرجەكانیش رایگەیاند:
ئەو كەسەی پێشكەشی خوێندنی ماستەر دەكات پێویستە تەمەنی 35 ساڵ و بۆ دكتۆراش 40 ساڵ زیاتر نەبێت. وتیشی: خوێندن لە زانكۆی دالیان بە هەردوو زمانی چینی و ئینگلیزییە و پسپۆڕیەكانیش زیاتر زانستیین.
سەبارەت بە مەرجەكانی تر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ ئاماژەی بەوەدا پێویستە لەسەر فێرخواز فۆرمی پێشكەشكردن، بڕوانامەی بە نمرە، دوو نوسراوی پشتگیریی، پشتگیریی سوپەرفایزەرێكی زانكۆی دالیان و پلانێكی توێژینەوەش ئامادە بكات لەو بوارەی فێرخواز دەیەوێت تێیدا بخوێنێت.