لە رێوڕەسمێكی شایستەدا دابەشكردن و خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی “راگەیاندنی نیشتمانی” بەڕێوەچوو
لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكاران و میوانانی دەرەوەی زانكۆ، رێوڕەسمی واژۆكردن و دابەشكردنی كتێبی “راگەیاندنی نیشتیمانی… بایەخی بۆ هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم دامەزراندنی” بەڕێوەچوو.
كتێبەكە لەلایەن هەریەكە لە د.كاروان عەلی سەرۆكی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەری و د.هێرش رەسوڵ مامۆستای هەمان بەش ئامادەكرا بوو.
لەسەرەتای رێوڕەسمەكەشدا پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی وتەیەكی پێشكەشكرد و بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆ و راگرایەتی كۆلێجەوە سوپاسی ئامادەبووان و نووسەرانی كتێبەكەی كرد و هیوای خواست بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكان لە چوارچێوەی كتێبدا لەلایەن مامۆستایانی زانكۆوە ببێتە نەریت و بەردەوامی هەبێت، جەختی لەوەشكردەوە كە وەك زانكۆ هەمیشە پاڵپشتی ئەو جۆرە كارانەن.
هاوكات راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی باسی لە گرنگی ناوەڕۆكی كتێبەكەی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای میدیای كوردی كرد و دەستخۆشی خۆیی و سەرۆكایەتی زانكۆشی ئاڕاستەی نووسەرانی كتێبەكە كرد.
پاشان لەلایەن د.كارزان محەمەد مامۆستا لە بەشی تەكنیكی میدیا خوێندنەوەیەكی زانستی و پیشەیی بۆ ناوەڕۆكی كتێبەكە كرا، دواتریش لەلایەن د.كاروان عەلی و د.هێرش رەسوڵ بەكورتی باس لە كتێبەكە بۆ ئامادەبووان كرا.
بە واژۆكردنی كتێبەكە و دابەشكردنی بەسەر ئامادەبوواندا رێوڕەسمەكە كۆتایی هات.