بۆ رۆژنامەی (كوردستانی نوێ)
بەڕێزان، سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ، بەرێزان سەرجەم رۆژنامەنووسانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، سڵاوتان لێبێت و داگیرساندنی مۆمی 29 ساڵەی تەمەنی رۆژنامەكەتان لە هەمووان پیرۆزبێت.
كوردستانی نوێ لەتەمەنی خۆیدا هەمیشە جێی شانازی بووە بۆ رۆژنامەنووسان و سەرپەرشتیاران و ئەو كەسانەی كە كاریان تێداكردووە، هەروەها ناوەندێكی ئەكادیمیش بووە بۆ پێگەیاندنی زۆر رۆژنامەنووسی ئێستا و رابردوو، هەروەها بووە بە دەستپێك و هەوێنیش بۆ دەرچوواندنی ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەی حزبی و ئەهلی دیكە لە كوردستان، هەربۆیە ئێمەش وەكو ناوەندێكی ئەكادیمی لێی دەڕوانین و هەماهەنگی و كاری هاوبەشمان لەگەڵ رۆژنامەكەتاندا بە پێویست زانیوەو دەزانین.
بەڕێزان تەنها ئەوەندە بەسە كە شانازی بەم رۆژنامەیەوە بكەین كە چەپكە گوڵ و دیاری سەرۆكی كۆچكردومان جەنابی (مام جەلال)ە بۆ رۆژنامەنووسانی كوردستان، بۆ رۆشنبیران و خاوەن قەڵەمەكان، بۆ پێگەیاندنی كادری رۆژنامەوانی، هەروەها ئەم رۆژنامەیە لە ماوەی كاركردنی خۆیدا زۆر بە بابەتیانە لە رووداوەكانی روانیوەو خوێندنەوەی بۆی هەبووەو تەنانەت بە تەواوی كاری بە ئیتیكی رۆژنامەوانی قۆناغە جیاوازەكانی ماوەی دەرچوونی كردووە.
لەكۆتایی پیرۆزبایی نامەكەماندا دەمانەوی بەبیری خۆمان و خەڵكیشیدا بهێنینەوە ئێمە وەكو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی چەندە شانازی دەكەین بەبوونی بەشەكانی تەكنیكی میدیا لە كۆلێج و پەمانگاكانمان، بە كردنەوە خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە بواری میدیاییدا لەزانكۆماندا، هێندەش شانازی دەكەین بەو پەیوەندییە بەردەوامەی لەگەڵ رۆژنامەكەتاندا هەمانەو هەوڵیش دەدەین زیاتر و زۆرتری بكەین.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی