بەشێوازێكی نوێ و سەردەمیانە بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی لە سەرۆكایەتی زانكۆ نۆژەندەكرێتەوە
بەمەبەستی باشتر و خێراتر رایكردنی كاروبار و مامەڵەی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ دابینكردنی كەشێكی گونجای كاركردن بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە دیزان و شێوازێكی نوێگەری و سەردەمیانە نۆژەنكرایەوە.
لەوبارەیەوە سەبریە كەریم خالند بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە سایتی زانكۆمان وتی: بە سوپاسەوە بەڕێز پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رەزامەندی دا بە چاككردن و نۆژەنكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەشێوەیەكی نوێگەری و سەردەمیانە كە سیمایەكی زۆر جوانی بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەخشیوە و فەرمانبەرانی تێدا كۆكردۆتەوە كە بە رێگەیەكی شەفاف و هەماهەنگ كاروبارەكانیان بەڕێوەدەبەن، وتیشی: ئەم نوێكارییە لە دیزانكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر كەمكردنەوەی رۆتینات و خێرا راپەڕاندنی كارەكانمان و ئاسانكاری بۆ سەردانیكاران و خوێندكاران و هاوڵاتیان.
بەڕێوەبەری كارگێڕی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم شێوازە نوێیە لە دیزان و سیستمی كاركردن جگە لەوەی هاندانێك و پێزانینە بۆ فەرمانبەرە خۆشەویستەكانمان تا لە كەشێكی كاركردنی گونجاو و نایابدا بە گڕوتینی زیاترەوە ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ بكەن، هاوڵاتیانیش ئاگادار دەبن لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی مامەڵەكانیان و درەنگ نەكەوتنی ئیش و كارەكانیان.
وەك دەستخۆشی و پێزانین لە بەرامبەر جوانكردنی سیمای بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و نۆژەنكردنەوەی بە دیزانێكی ناوازە، بەڕێوەبەر و لێپرسراوانی هۆبە و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕ سەردانی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆیان كرد و چەپكە گوڵی سوپاس و رێزلێنانیان پێشكەش كرد و وێنەكی یادگارییان چركاند.
لای خۆشیەوە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەم شێوازە نوێیەی نۆژەنكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكان خۆشحاڵن و رایگەیاند: وەك سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەمیشە لە خزمەتی فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندكارانمانداین و ئەم كارەش بە یەكێك لە ئەركەكانمان دەزانین كە كەشێكی گونجاوی كاركردن و شەفاف بۆ فەرمانبەرانمان دابین بكەین و هاوڵاتیانیش ئاگاداربن لە چۆنێتی رایكردنی مامەڵەكانیان.
بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتییەكی فراوان و گرنگە و لە هۆبەكانی (میلاكات، ئەرشیف، هاتوو دەرچووی گشتی، پرسگە، هێڵگۆڕكێ، باخچەكان، چاپكردن و پەیوەندیكردن ) پێكدێت و چەندین لیژنەی راپەراندنی كاروبارەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی لەخۆگرتووە.