سیمینارێك دەربارەی گرنگی گرانتی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو
پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووری ( سی ئێچ ئێن ) لە گرووپی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سیمینارێكی كراوەی بەناونیشانی ” گرانت چییە و بۆچی بۆ تۆ گرنگە ؟ ” رێكخست.
ئەمڕۆ سێشەممە 2019/8/20 لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەك توێژەر و مامۆستای زانكۆ سیمینارێك دەربارەی گرانت و گرنگی وەرگرتنی گرانتی نێودەڵەتی لەلایەن د.رۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی و مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەشكرا، سەرەتا د.ڕۆژین كەمال ئامانجی سیمینارەكەی خستەڕوو كە مەبەستی لێی ئاشناكردنی ستافی ئەكادیمی و كارگێڕی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆكانی تر و خوێندكارانی خوێندنی باڵا و كارمەندانی كەرتی حوكمی و تایبەتی و رێكخراوە ناحكومییەكانە بە گرانت و فەندی نێودەوڵەتییە بۆ تمویلكردنی پڕۆژە ئەكادیمی و نائەكادیمییەكانیان و تیشك خستنەسەر كاریگەریی و گرنگی گرانت بۆ زانكۆكان و مامۆستا و توێژەرەكانیان.
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی بەوردی باسی گرانت و گرنگ و سودەكانی گرانت كرد كە دەبێتە هۆكاری بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆ لە رێگەی ئاڵوگۆڕی زانستی لە نێوان زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: كە لەلایەكی ترەوە وەرگرتنی گرانت دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانەیەكی نێودەوڵەتی بۆ زانكۆكە و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیش یەكێكە لەو زانكۆ دیارانەی هەرێمی كوردستان و عیراق كە متمانەیەكی زۆری هەیە لە وەرگرتنی گرانتی نێودەوڵەتیدا.
شایەنی باسە د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین یەكەم و تاكە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی گرانتی پڕۆژە فرەملیۆن پاوەندەكانی پرۆگرامێكی دەزگای گەورەی توێژینەوە و داهێنانی بەریتانییە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، كە لە ماوەی 3 ساڵی پێشوودا زۆرترین گرانتی بۆ پڕۆژە هاوبەشەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی زانكۆ بەبڕی نزیكەی 300 هەزار دۆلار بەدەستهێناوە.