یەكەمین فێستڤاڵی فۆتۆگرافیی كوردستان بەڕێوەدەچێت
لە رۆژی جیهانی فۆتۆدا رۆژی 2019/8/19 بەهاوكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یەكەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافیی كوردستان لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەوبارەوە بەختیار سەعید بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە بە سایتی زانكۆی راگەیاند: فێستیڤاڵەكە هەنگاوێكە بۆ داهاتوویەكی باشتر بۆ هونەری فۆتۆگرافی لە كوردستاندا و بۆ یەكەمینجارە بەو شێوە بەرفراوانە رێكبخرێت، كە 100 فۆتۆگرافەر لە بوارە جیاوازەكانی فۆتۆگرافیدا لە شارەكانی باشوور و باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بەشدار دەبن، وە لە رێگەی لیژنەیەكی تایبەتیشەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو فۆتۆیانە كراوە كە لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش دەكرێن.
بەختیار سەعید ئاماژەی بەوەشكرد: لە فێستیڤاڵەكەدا پێشانگایەكی كامێرا نمایش دەكرێت كە هەموو ئەو كامێرا كۆنانە لەخۆدەگرێت كە لە كوردستاندا هەبووە و تەمەنێكی دیاریكراویان لە ژیان و بیرەوەری خەڵك تۆماركردووە، ناوبراو وتیشی: هەر لە فێستیڤاڵەكەدا 100 پۆرترێتی هونەرمەندانی رۆژهەڵات نمایش دەكرێن و لە رۆژی دووەمیشدا لە دیبەیتێكدا هونەری فۆتۆگرافی دەخرێتەڕوو، پاشان لە رۆژی سێیەمدا وۆركشۆپێك لەسەر چۆنێتی دروستكردنی فۆتۆستۆری پێشكەش دەكرێت.
بەڕێوەبەری یەكەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافیی كوردستان دەستخۆشی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات كە بەشدارییەكی كارا هەیە بۆ سەرخستنی فێستیڤاڵەكە و بە نێودەوڵەتی كردنی فێستیڤاڵەكە بۆ ساڵی ئایندە.