Back

وەزیرى خوێندنى باڵا و کونسوڵى تورکیا پەرەپێدانى ئەکادیمى دوپاتدەکەنەوە

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەرەپێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بوارە ئەکادیمیەکان و ئاڵوگۆڕى زانستى لەگەڵ کونسوڵى تورکیا دوپاتکردەوە.

ئەم جەختکردنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٦/٨/٢٠١٩) لە میانى پێشوازیکردنى لە (هاکان کاراچاى) کونسوڵى گشتى تورکیا لە هەرێمى کوردستان هات.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا، کونسوڵى تورکیا پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتنى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خواست و وتى: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زیاتر بەرەو پێش ببەین و ئاستى زانستى و ئەکادیمیمان پەرەى پێبدەین.

لە بەرامبەردا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهاتنى کونسوڵى تورکیا، ڕایگەیاند: ئامانجمان پتەوکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى و هاوکاری زیاترە، بەشێوەیەک بتوانین ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى نێوانمان پتەوتر بکەین.

سەبارەت بە کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و کرانەوە بەڕوى دونیاى دەرەوە، د. ئارام محمد دوپاتیکردەوە دەمانەوێت لە پلانى ستراتیژى چوار ساڵى کارکردنمادا بەرەو پێشبردنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى و بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکان بکەینە پێشینه‌ی كار و پرۆژه‌كانمان، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوەڕەچاوکردنى کواڵێت و بنەما و پێوەرى زانستی و خوێندن و دەستەبەرکردنى پێوەرە جیهانییەکان لەو زانکۆیانەى کە لەسەر ئاستى دونیا لە پێشەوەن، كه‌ دەبنە هۆى بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکارانمان، هۆکارێکە بۆ هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile