Back

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سەرجەم تاقیگه‌ی زانستی زانكۆكان ده‌كات

ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری لە وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌پڕۆژه‌یه‌كدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سەرجەم تاقیگەکان لە زانكۆ و په‌یمانگەکانى هەرێمى کوردستان ئه‌نجام ده‌دات، و داواش له‌ پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی دەکات به‌پێشكه‌شكردنی پێشنیاز، له‌ چوار ساڵی داهاتوو كار بۆ لایه‌نی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی‌ بكرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (30-7-2019) له‌ هۆڵی ڤیدیۆ كۆنفرانس له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت، ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری به ‌به‌شداری به‌رپرسانی تەندروستى و سەلامەتى له‌ زانكۆ و په‌یمانگەکان، وۆركشۆپێكى بەمەبەستى هەڵسەنگاندنى سەرجەم تاقیگەکان لە زانكۆ و په‌یمانگەکانى هەرێمى کوردستان سازكرد.

له‌ ده‌ستپێكی وۆركشۆپه‌كه‌دا د.محه‌مه‌د حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری له‌وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ژیانی ڕۆژانه‌ی تاك به‌تاكی هاوڵاتیان هه‌یه‌و كه‌سی ته‌ندروست بڕیاری ته‌ندروستی ده‌دات، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وتی: تا ئێستا ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی له‌ ئاست داواو داخوازی ئێمه ‌دانه‌بووه‌،‌ بۆیه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌جدی كاری له‌و پێناوه‌ دا كردووه و له‌په‌یكه‌ری سه‌رجه‌م زانكۆ و په‌یمانگەكان ئه‌و به‌شه‌ دامه‌زرا، ڕوونیشیكرده‌وه‌ پێویسته‌ به‌ش و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی زانكۆ و په‌یمانگەكان مانگانه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و په‌یمانگەكان ئه‌نجام بده‌ن و ڕێنمایی ته‌ندروستیان پێشكه‌ش بكه‌ن.

هه‌ر له‌ وته‌كانیدا د.محه‌مه‌د حسین وتیشی: وه‌زاره‌ت سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی كارنامه‌ی چوار ساڵی كاركردنه،‌ بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین به‌ پێشكه‌ش كردنی سه‌رنجەکانتان هه‌وڵ بده‌ن پێشنیازی زانستی ئاراسته‌ بكه‌ن، تا له‌كارنامه‌ی وه‌زاره‌ت‌ شوێنی بۆ بكرێته‌وه‌، زیاتر وتیشی: پێویسته‌ بایه‌خی زیاتر به‌ تاقیگه‌ زانستیه‌كان بدرێت له‌رووی سه‌لامه‌تی، له‌پلانیشمانه‌ بۆ هه‌ر تاقیگه‌یه‌كی زانستی باركۆد دروست بكرێت و زانیاری ته‌واو له‌باره‌ی تاقیگه‌كان ئاماده‌بكرێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وۆرك شۆپه‌كه‌دا د.ئاری قادر نه‌بی له‌میانی پێشكه‌ش كردنی سیمینارێكدا باسی له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاند كرد، كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بتوانرێت چاكسازی بۆ تاقیگه‌كان له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان بكرێت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ پڕۆسه‌یه‌كی گشتگیر له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی مه‌ترسی له‌تاقیگه‌كان.

به‌ پێشكه‌شكردنی چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی زانستی و ئه‌نجامدانی گفتوگۆی بابه‌تیانه له‌لایه‌ن ئاماده‌بووان‌‌ كۆتایی به‌ وۆرك شۆپه‌كه‌ هات.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile