Back

كۆنفرانسی زانستی (رۆڵی ژنانی عێراقی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە نێوان واقیع و خواست )دا بەڕێوەچوو

زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ ( جمعية المشكاة الثقافية )ی عێراقی سێیەمین كۆنفرانسی زانستی لەژێر ناوی (رۆڵی ژنانی عێراقی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە نێوان واقیع و خواست )دا ئەنجامدا.

ئەمڕۆ رێكەوتی 2019/7/25 بەچاودێری پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی د.رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و نەرمین عوسمان وەزیری پێشتووتری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم و د.ئیمان الخفاجی سەرۆكی ( جمعية المشكاة الثقافية ) و ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و حزبی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و راگری كۆلێجی و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و توێژەران و كەناڵەكانی راگەیاندن، سێیەمین كۆنفرانسی زانستی لەژێر ناوی (رۆڵی ژنانی عێراقی لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە نێوان واقیع و خواست )دا لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆ بەڕێوەچوو كە بەهاوبەشی لە نێوان سەنتەری جێندەرناسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ( جمعية المشكاة الثقافية ) رێكخرابوو.

سەرەتای كۆنفرانسەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و وتەی بەخێرهاتن لەلایەن د.دڵپاك تاهیر لێپرسراوی سەنتەری جێندەرناسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستیپێكرد و ئاماژەی بە گرنگی تەوەری پانێلەكانی كۆنفرانسەكە كرد وتی: ئەم كۆنفرانسە پرسێكی زۆر گرنگ تاوتوێ دەكات كە ئەویش پرسی بەشداریپێكردنی ژنە لە ناوەندەكانی بڕیاردا، وتیشی: لەم كۆنفرانسەدا 11ی توێژینەوەی زانستی پێشكەش دەكرێن و سەرجەم توێژینەوەكانیش لە چوارچێوەی پرسی ژنە و باس لەو گرفت و ئاستەنگانە دەكەن كە بوونەتە رێگر لەبەردەم بەشداركردنی ژن لە ناوەندەكانی بڕیاردا.

پاشان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: هەمیشە دەرگای زانكۆمان كراوەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارو چالاكی زانستی خزمەتكردن بە چینەكانی كۆمەڵگە بكات لەڕووی ئەكادیمی و زانستییەوە، وە لەو چوارچێوەیەشدا ژنی كورد رۆڵی كاریگەرو بەرچاویان هەبووە لە ناوەندە ئەكادیمی و زانستیەكاندا و جێ پەنجەیان بەڕووی دیارە، وە ژنان هەمیشە رۆڵیان هەبووە لەناو كۆمەڵگە و دروستكردنی بڕیار و بونیادنانی داهاتوودا.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی: ئێمە وەك ناوەندێكی ئەكادیمیی لە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان رۆڵی ژنان بەرزدەنرخێنین و كار بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە دەكەین و پشتیوانی ئەوە دەبین ژنانیش هاوشێوەی پیاوان بەشداربن لە بڕیارە چارەنوسسازەكانی گەل و نەتەوەكەمان.

پاشان د.ئیمان الخفاجی سەرۆكی ( جمعية المشكاة الثقافية )ی عێراقی لە وتەیەكیدا رۆڵی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەرزنرخاند لە كاری هاوبەشی زانستی و زۆر سوپاسی زانكۆی كرد كە خەمخۆرانە لەپاڵ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و تەكنیكی كار بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە دەكات.

دواتر پانێلەكانی كۆنفرانسەكە و پێشكەشكردنی توێژینەوەكان دەستیپێكرد كە دوو پانێلی سەرەكی لەخۆگرتبوو لە پانێلی یەكەمدا ( د.رێواس فایەق ) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەوری باسی لە مێژوو و ئەزمونەكانی ژیانی خۆی كرد كە چۆن لە سەرەتاوە دەستپێكردووە و تا گەیشتۆتە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا كە بە چەندین لەمپەر و بەربەستی سەخت و ناخۆشدا تێپەڕێوە، لە پانێلی دووەمدا ( نەرمین عوسمان ) ئەندامی سەركردایەتی ی.ن.ك و ( ئەمەل جەلال ) بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی ژنان لە هەرێمی كوردستان و (د.ئیمان الخفاجی) سەرۆكی ( جمعیە المشكاە الپقافیە )ی عێراقی چەندین بابەتیان سەبارەت بە رۆڵی ژنان لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە نێوان واقیع و خواستدا خستەڕوو كە لەلایەن ئامادەبووانی كۆنفراسەكەوە چەندین سەرنج و پێشنیار و پرسیار ئاڕاستەی بەشداربووانی پانێلەكە كران.

لە بەشێكی دیكەی كۆنفرانسەكەدا و جیاواز لە كۆنفرانسەكانی دیكە كۆمەڵێك كاری دەستی ژنان و تابلۆ و جلوبەرگی رەسەنی كوردی و عیراقی نمایشكران و بوونە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و دروستكردنی كەشێكی ئارام و تایبەتمەند.

شایەنی باسە (جمعیە المشكاە الپقافیە) یەكێكە لە دامەزراوە زانستییە عێراقییەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق كە لە ساڵی 1981 دامەزراوە.

This shortcode LP Profile only use on the page Profile