وۆركشۆپێكی داخراوی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی بەڕێوەچوو
بەمەبەستی مەشق و راهێنان بە ئەندامانی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی و ستافی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ستافی مۆزەخانەی سلێمانی وۆركشۆپێكی داخراو بەڕێوەچوو.
لەمیانی وۆركشۆپەكەدا سەرەتا د.ڕۆژین كەمال سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، باسی لەو گۆڕانكارییانە كرد كە ڕوویانداوە لە ڕۆڵی دامەزراوە كولتوورییە كەلەپوورییەكانی وەكو مۆزەخانەكاندا و ئەو گۆڕانكارییە لە پەیوەندی نێوان دامەزراوە كەلەپوورییە كولتوورییەكان و تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵدا. پاشان تیشكی خستەسەر زیادكردنی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا دیجیتاڵییەكان لە سەدەی ٢١دا. لەڕێی نموونەگەلی پڕۆژی پەیوەندیدار و پڕۆژەكانی خۆی و ئەوانی ترەوە، هەروەها د.ڕۆژین كەمال ژمارەیەك لە بەكارهێنان و كاریگەرییەكانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بە ئامادەبووان ناساند لە بواری خوێندنەوەو ڕاڤەی كاریگەرانە و گێڕانەوەی چیرۆك لە مۆزەخانەكان و ناوەندە مێژووییەكاندا بۆ زیادكردنی خواست و ئارەزووی سەردانیكردن.
لەدوا بەشی وۆركشۆپەكەدا ئامادەبووان بیڕوڕایان گۆڕیەوە دەربارەی وەگەڕخستنی پڕۆژی هاوشێوە لە مۆزەخانەكان و ناوەندە مێژووییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا.
تێكڕای ١٢ بەشداربوو لە هەریەكە لە گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووری دیجیتاڵی، پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووری، سەنتەری توێژینەوە و مۆزەخانەی سلێمانی بەشداربوون لەم وۆركشۆپەدا، لە نێویشیاندا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، بەڕێز هاشم حەمە عەبدوڵا و شوێنەوارناسێكی بەئەزموونی تری مۆزەخانەی سلێمانی بەڕێز نەسرین خان.
وۆركشۆپەكە لە ئۆفیسەكانی DCH و CHN لە نهۆمی دووەمی پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر بەڕێوەچوو، لە كاتژمێر ۱۰ی بەیانی بۆ ۱ی دوانیوەڕۆی خایاند.