وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازی لە سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی بەڕێز د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد و لەبەرامبەر دەستبەكاربوونی بەڕێزیان چەپكە گوڵی پیرۆزبایی پێشكەشكردن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 2019\7\21 پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد، وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێزیان لەبەرامبەر دەستبەكاربوونیان وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گفتوگۆیان دەربارەی پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ تەكنیكییەكانی هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كە لە چەند ساڵی رابردوودا لە پرۆسەی خوێندن و چالاكییە ئەكادیمی و زانستییەكاندا هەنگاوی گەورەی ناوە و ئاستێكی بەرزی پێشكەش كردووە.
هەر لە دیدارەكەدا پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین ئاماژەی بە كار و پڕۆژەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كە كاریگەری زۆری لەسەر بەرزكردنەوەی كواڵیتی خوێندن هەبووە، وتیشی: پلان و پرۆژەمان بۆ ساڵی ئایندەی خوێندن هەیە و ئومێد دەكەین وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەك هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانمان بێت لە جێبەجێكردنیاندا.
لە بەرامبەردا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دووپاتیكردەوە پاراستنی كوالێتی خوێندن و بەرزكردنەوە ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆكانی كوردستان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری زانستی بە هەرێمەكەمان، لە پێشینەی كارەكانمان دەبێت.