د. ئارام محمد قادر وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەست بەكاربوو
دوای بەڕێوەچونی مەراسیمی سوێند خواردنی ئەندامانی كابینەی نۆیەم لە پەرلەمانی كوردستان، د. ئارام محمد قادر وەك وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستی بەكارەكانی خۆیی كرد.
لە ڕێوڕەسمێکدا، كە ئەمڕۆ دوو شەممە، ڕێكەوتی (١٥/٧/201٩) لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبونى د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و شەعبان شەعبان چالى بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆکى حکومەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت بەرێوەچو، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامدراو د. یوسف گۆران وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا دوای بەخێرهێنانی د. ئارام محمد قادر، هیوای سەركەوتنی لەو ئەركە نوێیە بۆ خواست.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، د.یوسف گۆران كارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو كاروچالاكیانەی كە لە ماوەی ڕابردو ئەنجامیانداوە بەكورتی بۆ وەزیری نوێی خوێندنی باڵا باس كرد، دواتریش ئاماژەی بەپێكهاتەی وەزارەت و ئەرك و كارو چالاكی فەرمانگەكان و گرنگى و ڕۆڵى کەرتى خوێندنى باڵا كرد، ئینجا ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكانی بە وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش ناساند. هەروەك لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری پێشوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیی هەمو جۆرە هاریكاریەكی بۆ د. ئارام محمد قادر دەربڕى بۆ سەركەوتنی كارەكانی و سەرخستنی كارنامەی كابینەی نۆیەمى حكومەتی هەرێم.
لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا سوپاسى د. یوسف گۆران وەزیرى پێشوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و تەواوى وەزیرەکانى ڕابردووى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک زانکۆکان و سەرجەم سەربازە ونەکانى کە شەونخونى و خزمەتیان کردوە لەو کەرتە کرد، کە وێڕاى ئاستەنگ و بەرەنگارییەکان توانیان لەم کەرتە دەستکەوت بۆ وڵاتەکەمان بەرهەم بێنن، هەروەک بەڵێنیشى دوپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ئەرکەکان و ئەو کارانەى تەواونەکراون بەهیمەتى هەموولایەک کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
لەبارەى ئەنجامدانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵا و گرنگى ئەم پرۆسەیە، د. ئارام محمد قادر ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ریفۆرم لەسەرجەم سێکتەر و ئاستەکان پێویست و گرنگە، بەتایبەت لە کەرتى خوێندنى باڵادا، بۆیە بەهیمەتى هەموان کاردەکەین بۆ ئەوەى بتوانین کارى گرنگ و پێوست بۆ ولاتەکەمان ئەنجام بدەین و ئامانجەکانى ریفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵا بە تەواوەتى بێنێنەدى.
هەر لە قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارنامەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردو ڕایگەیاند: بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران کاردەکەین بۆ ئەوەى لە ماوەى ٣٠ رۆژدا لەگەڵ ئەنجومەنى وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان پرۆژە و پلانى چوار ساڵى داهاتومان ئامادە بکەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى یەکترە بۆ ئەوەى بتوانین کارنامەیەکى گشتگیر و هەمەلایەن بۆ گەشەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەین.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمى ئاڵوگۆڕى پۆستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و شەعبان شەعبان چالى بەڕێوەبەرى نوسینگەى سەرۆکى حکومەت، لە وتەى جیاجیادا پیرۆزبایى دەستبەکاربونیان لە د. ئارام محمد قادر کرد وەک وەزیرى نوێى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى سەرکەوتنیان لەم ئەرکە بۆ خواست، هەروەک سوپاسى د. یوسف گۆران وەزیرى پێشوى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیشان کرد بۆ ئەرک و کارەکانی لە ماوەى کابینەى هەشتەمداو ئەو پرۆژەو کارانەى لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون، بەتایبەت پرۆژەى سەربەخۆى دارایى زانکۆکان کە ئەم پرۆژەیە بوە هۆى بوژانەوەى کەرتى خوێندنى باڵا لە کوردستان و زیاتر پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان.
ر | |||