ڕونكردنەوەیەك لە كەناڵی SPUHD كەناڵی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە
ئاشكرایە لای هەموان بەهەوڵی دڵسۆزانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەتایبەت بەڕێز پ.ی.د ئالان فەرەیدون علی ئەمین سەرۆكی زانكۆ، لە بەرواری 1/12/2018 پەخشی ئەزمونی كەناڵی SPUHD لەسەر سیستمی DVBT كەناڵە لۆكاڵیەكان و لەسەر ئامێری میكس میدیا بە دروشمی ( زانست – داهێنان) دەستمان پێكردو لە 31/1/2019 لەمەراسیمێكی شایستەدا كە بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی زانكۆو خوێندكاران و میدیاكاران و نوێنەری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئامادەیبوون توانرا پەخشی ئاسایی كەناڵەكە دەستپێبكات و لەماوەیەكی كورتتدا كەناڵەكەمان هەنگاوێكی گەورەی هەڵگرت بەئاراستەی خزمەتكردنی زانست و پرۆسەی خوێندن و پەخشكردنی سەرجەم چالاكییە زانستییەكان و پێشكەشكردنی ژمارەیەكی زۆر بەرنامەی سوودبەخش كەخۆی لە ئامادەكردنی 18 بەرنامەی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە.
ئێستاش بەهۆی هاتنە پێشی پشوی هاوینەی زانكۆو خۆئامادەكردنمان بۆ وەرزێكی نوێ وەك دەرفەتێك بۆ پێداچونەوە بە بەرنامەو پرۆگرامەكانماندا و ئامادەكردنی ستافی بەرنامەكان و بەشداری پێكردنی كارای مامۆستایان و خوێندكاران لە بەرنامەكاندا ، پەخشی كەناڵەكەمان بۆ ماوەیەكی كاتی ڕاگرتوە.
بینەرانی بەڕێزی كەناڵەكەمان دڵنیادەكەینەوە كەلە كەمترین ماوەدا بەشێوازێكی نوێ دەست بەپەخشی بەرنامەكانمان دەكەینەوە.