بۆ بەشداریكردن لە خولێكی راهێناندا ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی میسر دەكەن
دوای بەشداریكردنی چالاكانەیان لە بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی، 12 خوێندكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی وڵاتی میسر دەكەن و بۆ ماوەی یەك مانگ بەشداری خولی راهێنان دەكەن.
10 لەو خوێندكارانە خوێندكارانی بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕین و دوانی دیكەشیان لە بەشی پلانسازی شار لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری خوێندكارن و بڕیارە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە گەشتی وڵاتی میسر بكەن و تاوەكو سەرەتای مانگی هەشت لەو وڵاتە بمێننەوە.
ئەمڕۆش بەئامادەبوونی بەڕێز پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلیجی تەكنیكی كارگێڕی و د.كاروان عەلی سەرۆكی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەریی و نوێنەرانی ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار-CDC و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆ، ڕێنمایی تەواو درایە ئەو خوێندكارانە تاوەكو بتوانن بەشێوەیەكی باش سوود لەو ماوەیە وەربگرن، هەروەها نوێنەری زانكۆكەیان بن لەو وڵاتەدا.
هاوكات م.بەختیار شەریف بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: گەشتكردنی ئەو خوێندكارانە لە پاداشتی ئەو بەشدارییە چالاكەیاندا بووە كە لە كۆنفرانسی یەكێتیی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی هەیانبووە، بۆیە ئەو زانكۆیانەش 12 كورسی خوێندنی راهێنانیان بۆ خوێندكارە بەشداربووەكانی ئەو كۆنفرانسە تەرخان كرد.
م.بەختیار شەریف ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمە یەكەمین ئەزموونی زانكۆی پۆلیتەكنیكە كە بەمشێوەیە و لە دەرەوەی چوارچێوەی هەرێم و عێراق خویندكارەكانی دەڕواتە دەرەوە، هەوڵدەدەین لە ساڵانی داهاتووشدا ژمارەی خوێندكارانی بەشداربوو بۆ ئەو جۆرە خولانە زیاتر بكەن.
م.بەختیار شەریف وتیشی: تەواوی خەرجییەكان لەلایەن زانكۆكانی وڵاتی میسرەوە بۆ خوێندكاران دابین كراوە، تەنها تكتی فڕۆكە نەبێت كە لەسەر خۆیان بوو، بەڵام بە سوپاسەوە بەڕێز پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەو خەرجییەی گرتووەتە ئەستۆ.