Back

وۆركشۆپێك لەبارەی دامەزراندنی سیستمی گازی شل لە هەرێم بەڕێوەچوو

لەپێناو دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و خوێندكاران، كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كۆمپانیای (NGK)، وۆركشۆپێكیان سەبارەت بە دامەزراندنی گازی شل لە هەرێمی كوردستان رێكخست. ئەمڕۆ ١٨-٦-٢٠١٩ بەئامادەبوونی د.عەتا شێخ كەریم راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری و نوێنەری هەریەك لە (قایمقامیەتی قەزای مەركەز، بەرگری شارستانی، كۆمپانیای بلوفایەر، بەڕێوبەرایەتی نەوت و گاز و بەشی ئەندازیاری نەوت و وزە و بەشی ئەندازیاری میكانیكی كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری) لە كەمپسی چوارچرا، وۆركشۆپێك سەبارەت بە دامەزراندنی سیستمی گازی شل لە هەرێم بەڕێوەچوو. لە دەستپێكدا د.عەتا شێخ كریم ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و باسی لە ئامانجە گرنگەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە دەیانەوێت بەو ئاڕاستەیەدا كار بكەن خوێندكار تەنها نەبێتە خاوەنی بڕوانامە، بەڵكو دەیانەوێت بەدواداچوون بكەن تا بزانن چەند كاریگەرییان هەیە لەسەر كۆمەڵگە. د.عەتا شێخ كریم وتی: ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم وۆركشۆپە ئەوەیەكە بتوانین هەنگاو بنێین بەرەو ئەنجامدانی پرۆژەكان بەشێوازێكی ئاكادیمی كە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان بگونجێن. وتیشی: دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو مامۆستایانەی پسپۆڕن لەو بوارەدا هاوكاری كۆمپانیاكان بكەین تاوەكو خزمەتی زیاتر بە گەنجان و خوێندكاران بكەین و بتوانین هەلی كاریان بۆ بدۆزینەوە. پاشان د.هیوا سدیق ئەندامی دامەزرێنەری كۆمپانیای (NGK)ئاماژەی بەوەدا پێویستیان بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە بۆ دروستكردنی كادری سەركەوتوو لەو بوارەدا، كە توانای هەبێت بەشێوازی ستانداردی جیهانیی كار بكات هەربۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وۆركشۆپێك لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام بدەین. شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ چەندین زانكۆ و ناوەندی ئەكادیمی و كۆمپانیا و كەرتی گشتی و تایبەت كارو چالاكی هاوبەش ئەنجام دەدات، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندن و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خوێندكاران و گەنجان.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile