Back

كۆنفرانسی زانستی مه‌لا عبدالرحمانی گه‌وره‌ی پێنجوێنی به‌ڕێوه‌چوو

به‌ ئامانجی زیندوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م و كه‌له‌پوری زانایان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و به‌رهه‌م و كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كانی ناو مێژووی زانست و ساغكردنه‌وه‌و ده‌ستخه‌تی زانایانی كورد، كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ دروشمی (مه‌لا عبدالرحمن ی گه‌وره‌ی پێنجوێنی عه‌للامه‌یه‌كی ئه‌وساو سه‌رمه‌شقی ئێستا) له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌ڕێوه‌چوو. سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15 ی حوزه‌یرانی 2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پارێزگارو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایانی زانكۆو مامۆستایانی ئاینی و توێژه‌رانی ناوخۆی كوردستان و ووڵاتی ئێران دوهه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌ڕێوه‌چوو، كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌نێوان زانكۆی سۆران و قائیمقامیه‌تی قه‌زای پێنجوێندا سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. سه‌ره‌تای كۆنفرانس له‌لایه‌ن قائیمقامی قه‌زای پێنجوێنه‌وه‌ كرایه‌وه‌و ووته‌ی به‌خێرهاتنی پێشكه‌شكردو پاشان له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووتارێك پێشكه‌شكراو تیایدا ئه‌نجامدانی كۆنفرانسه‌كه‌ی به‌ گرنگ و پڕبایه‌خ له‌قه‌ڵه‌مداو ڕایگه‌یاند به‌زیندوهێشتنه‌وه‌ی نوسین و به‌رهه‌مه‌ مێژوییه‌كانی زانایان و نوسه‌رانی كورد گرنگی خۆی هه‌یه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی دوێنی و ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌سه‌ر دیدو ڕوانین و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاك و كۆمه‌ڵگه‌ خاڵێكی ئیجابیه‌و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ گرێدانی زانكۆو ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان به‌ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌ به‌ئاراسته‌ی زیاتر هۆشیاركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ. هه‌روه‌ها ڕۆڵی زانای كورد و عه‌للامه‌ی كورد مه‌لا عبدالرحمنی گه‌وره‌ی پێنجوێنی به‌ كاریگه‌رو پڕ بایه‌خ وه‌صفكردو بۆچون و دیدو ڕوانینه‌كانی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌و كه‌لام و مه‌نیق و حیكمه‌ت و زانستی ئاداب له‌كاتی خۆیداو تا ئێستاش به‌ دیدێكی سه‌رده‌میانه‌و زانستیانه‌ داناو ڕایگه‌یاند نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌توانن سوودی باش له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و زانایه‌و زانایانی دی وه‌ربگرن. له‌كۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی كۆنفرانسه‌كه‌ كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن. پاشان ووتاری پارێزگاری سلێمانی و بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا عبدالرحمنی گه‌وره‌ی پێنجوێنی و سه‌رۆكی زانكۆی سۆران پێشكه‌شكران و ده‌ستكرا به‌ پێشكه‌شكردنی توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی جیاوازی ژیان و نوسین و به‌رهه‌مه‌كانی (مه‌لا عبدالرحمن ی گه‌وره‌ی پێنجوێنی) . كۆنفرانسه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌رده‌وام ده‌بێت.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile