Back

د.یوسف گۆران: دوو بڕوانامەیی هەنگاویكە بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی خوێندنی باڵای كوردستان

لەمیانی ئامادەبوونی لە راگەیاندنی دەرفەتی خوێندنی دوو بڕوانامەیی لە بوارەكانی ئەندازیاری شارستانی و ئەندازیاری میكانیكیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەیی زانستی رایگەیاند لەمەودوا هەردوو بەشی ئەندازیاری میكانیك و شارستانی لە زانكۆی ئەمریكی لە عێراق – سلێمانی و بەهاوكاری زانكۆی ئەریزۆنا دەرفەتی خوێندنی دوو بڕوانامەیی دەڕەخسێنن، كە ئەم پرۆگرامانە بە ئاست و ستانداردی نێودەوڵەتی پیشكەش دەكرێن و متمانەی نێودەوڵەتیشیان دەبێت. لە مەراسیمەكەدا كە كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردسستان و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكار و بەرێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و مامۆستایان ئامادەی بوون، لەدوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ئەمرۆ پێكەوە بەشدارن لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەكی گرنگ لە نێوان زانكۆی ئەریزۆنا و زانكۆی ئەمەریكی لە عیراق – سلێمانی، كە بریتییە لە ڕاگەیاندنی دەستپێكردنی خوێندنی دوو بڕوانامەیی لە بوارەكانی ئەندازیاری شارستانی و ئەندازیاری میكانیك، وتیشی: ئەم پرۆژەیە لە چەندین ڕووەوە بۆ قوتابیان و خوێندكاران و بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عیراقیش بایەخ و گرنگیی زۆری هەیە. لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئەم هەنگاوە هاوبەشەی هەردوو زانكۆ باشدارییەكی گرنگە لە پرۆسەی بە نێودەوڵەتیكردنی كەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، كە لە ئەولەویەتی كارو پرۆژەكانی وەزارەتەكەمان بووە، ڕوونیشی كردەوە: لەم بوارەدا گەلێك پرۆژەی گرنگمان جێبەجی كردووە، لە هەنگاوی یەكەمدا توانیمان دەستپێكردنی پرۆسەی بۆڵۆنیا و بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆڵۆنیا پرۆسێس هۆكارێكی گرنگی گەشەپیدانی پرۆسەی خوێندنە، بە هۆیەوە دەتوانین چوارچێوەی بڕوانامەكانی زانكۆكانمان و سیستم و یەكەكانی خوێندن و ئاكامەكانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن لەبەرڕۆشنایی ستانداردە زانستی و ئەكادیمییەكانی ئەوروپا دابڕێژینەوە. هەر لە وتەكانیدا د. یوسف گۆران ئەوەی راگەیاند: كە بەبێ بوونی پرۆسەی متمانە بەخشین ناتوانین باس لە خوێندنی باڵای پێشكەوتوو بكەین كە لەگەڵ ستانداردی جیهانی بێت، ناكرێت ئێمە بەخۆمان كارێك بەڕێوە ببەین و خۆشمان چاوەدێری كارەكە بكەین بۆیە هەر لەم مانگەدا لە پەراوێزی بەشداریكردنمان لە كۆنفرانسی (Going Global) لە شاری بەرلینی پایتەختی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ توانیمان هەنگاوەكانی كۆتایی ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بە هەماهەنگی لەگەڵ (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا بگەیەنینە ئەنجام. وتیشی: لێرەوە بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم كە بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین دەبێتە دامەزراوەیەكی نیشتیمانی سەربەخۆ، كار دەكات بۆ داڕشتنەوەی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامودەزگاكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئاشكراشیكرد كە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیەش دامەزراوەی زێڤا تیمێكی نێودەوڵەتی ئامادە كردووە بۆ سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەم پرۆسەیە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەموزی ئەمساڵەوە دەست بەكارەكانیان بكەن. هەر لە وتەكانیداو لەبارەی پلانی وەزارەت بۆ ساڵی 2023 د.یوسف گۆران وتی: ئێمە پلانمان هەیە كە تا ساڵی ٢٠٢٣ لەڕێگای ئەم دەزگا نیشتیمانییەوە بە هاوكاری دامەزراوەی زێڤای ئەڵمانی هیچ زانكۆیەك و هیچ پرۆگرامێكی خوێندن نەمێنێت كە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت و وتی: لەم پرۆسەیەدا داواكارم هەموو مامۆستایان و خوێندكاران و قوتابیان و فەرمانبەرانی زانكۆكانمان بەشدار بن لە هەڵگرتنی ئەم ئۆباڵ و بەرپرسیارێتییە، ئێمە بروامان وایە سەركەوتن لە پرۆسەی بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی ئایندەی نەوەوكانمان و بەها و پرانسیپەكانی خوێندن بەرەو كەناری ئارامی دەبات. لە بەشێكی دیكەی مەراسیمەكەدا كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد بۆ ئەو هەماهەنگی كاركردنە، سەبارەت بەكارەكانی وڵاتەكەشی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كونسوڵی ئەمریكا وتی: تا ئێستا بۆ هاوكاری كردنی خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان و عیراق چەندین پرۆژەیان هەبووە و بەردەوامیش دەبن.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile