زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی ئایرێكسی ئەمریكی گرانتێكی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا
لە نوێترین هەوڵەكانیدا بۆ بەرەوپێشبردنی جۆرێتی خوێندنی پێشكەشكراو لە زانكۆدا و خزمەتی زیاتری خوێندكاران، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی ئایرێكسی ئەمریكی و لەڕێی هۆبەی پەیوەندییەكان و فەندی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆ، گرانتی دەستپێشخەری ستیڤنس ( Stevens Initiative)ی بۆ پەرەپێدانی توانای خوێندكاران لەڕێی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی واتایی بەدەستهێنا.
بەمەبەستی دەستپێكردنی تیمەكان بەكارەكانیان تا پڕۆژەكە بەفەڕمی بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، رۆژی 2019/5/29 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەكە لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا واژۆكرا.
گرانتەكە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكە بەناوی Global Solutions Sustainability Challenge (GSSC) كە بەهاوبەشی لە نێوان 7 زانكۆ و ناوەندی ئەمریكی و 3 زانكۆی عێراقی كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێكە لەو زانكۆیانە.
ناوەڕۆكی پڕۆژەی GSSC بریتییە لە دروستكردنی تیمی دوو نەتەوەیی هاوسەنگ لەڕووی رەگەزەوە لە نێوان خوێندكارانی زانكۆمان و هاوتایەكی ئەمریكی (بەلای كەمەوە 16 كەسی، 8 كەس یان زیاتر لەهەر لایەك) و كۆكردنەوەیان لە پۆلی (Virtual Class) بەشێوەی ئۆنلاین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام، بۆ گرفتێكی هاوچەرخ لە كوردستان بەچاودێری پرۆفیسۆر (مامۆستا)ی ناوخۆیی و ئەمریكی.
ماوەی كار كردنی تیمەكان 10 هەفتە دەبێت و لەو ماوەیەدا خوێندكارانی زانكۆمان هاوشان لەگەڵ خوێندكارانی هاوپۆلیان لە ئەمریكا، هاوتەریب لەگەڵ پشتبەست بە ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوەیەكگرتووەكان، بیرۆكەی چارەسەركردنی گرفتێك دەخەنەڕوو، كە پەرەی پێدەدەن تا دەكرێت بە (Business Concept) و دواتر بە بیرۆكەیەكی نمونەیی سەرەتایی (Prototype) و لە كۆتایی وەرزی پرۆژەكەدا پێشكەشی دەكەن.
گرانتەكە سەرجەم تێچووی كەرەستەی پێویست بۆ ئامادەكردنی پرۆتۆتایپەكان لە ئەستۆدەگرێت و لەو ماوەیەدا خوێندكاران بە وردی و لە نزیكەوە سەرپەرشتی دەكرێن، لە كۆتایی وەرزدا پرۆتۆتایپەكان لە نمایشگایەكی گریمانەیی(Virtual Fair) نمایش دەكرێن و پاش هەڵسەنگاندنیان، پرۆتۆتایپی تیمی براوەی وەرز هەڵدەبژێردرێت بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانی بەردەوامێتی لە واشنتۆن.