وەزارەتی خوێندنی باڵا: مامۆستایانی زانكۆ بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بۆیان نییە لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێم و عێراق وانەبڵێنەوە
بەمەبەستی رێكخستنەوەی كاروباری مامۆستایان لەسەرجەم دەزگا حكومی و تایبەتەكاندا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد، كە بەپێی یەكێك لە بڕیارەكان مامۆستایانی زانكۆ بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بۆیان نییە لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێم و یاخود دەرەوەی عێراق وانەبڵێنەوە.
لەو بارەیەوە عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٨٢٠٢) لە 2019/5/29 كە واژۆی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرەو بەئامانجی ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی مامۆستایان لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان، بە هیچ شێوەیەك مامۆستایانی زانكۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتەكەمان بۆیان نییە لە زانكۆكانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق وانەبڵێنەوە.
هەروەك ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەو زانكۆ و ئەنجومەن و دەستە و پەیمانگە حكومی و تایبەتانەی كە پڕۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتنیان سەبارەت وانەوتنەوەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستانیان هەیە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بەهەمان شێوە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتەكەمان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەك وانەبڵێنەوە.
لە كۆتایشدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان بەرپرسیارن لە ڕێگەپێدان لە چوونی مامۆستایانیان بۆ وانەوتنەوە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی دەرەوەی هەرێم یاخود دەرەوەی عێراق، بۆیە هەر مامۆستایەك لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە ناوەڕۆكی فەرمانەكە ئەوا وەزارەتەكەمان ڕێكاری یاسایی پێویست دەگرێتەبەر تا دەگاتە دوورخستنەوە لە شوێنی كارەكەی.