وۆركشۆپی ” دڵنیایی جۆری لە خوێندنی باڵا ” بەڕێوەچوو
پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووری لە گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وۆركشۆپێكی بەناونیشانی “دڵنیایی جۆریی لە خوێندنی باڵادا” بۆ مامۆستا ئاودێر ئەحمەد رێكخست.
رۆژی سێشەممە 2019/5/28 سەعات 10ی بەیانی، بە بەشداری ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان وۆركشۆپی “دڵنیایی جۆریی لە خوێندنی باڵادا” لە بینای سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەرێوەچوو،لەمیانی وۆركشۆپەكەدا مامۆستا ئاودێر بابەتی دڵنیایی جۆریی شیكردەوە بەمەبەستی گەشەپێدان و زیاتر بەرەوپێشبردن و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە لە زانكۆكاندا، هەروەها بە وردی تیشكی خستەسەر جۆر و مۆدێلەكانی دڵنیایی جۆریی لە خوێندنی باڵادا كە لەم پرۆسەیەدا خوێندكار سەنتەر دەبێت و هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی.
شایەنی باسە وۆركشۆپەكە كراوە بوو، مامۆستایان و ئامادەبوون بە چەندین تێڕوانین و سەرنج و پێشنیار بەشدارییان كرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دووپاتكردەوە.
مامۆستا ئاودێر بەشداری خولێكی راهێنانی یەك هەفتەیی دەربارەی “دڵنیایی جۆریی” لە زانكۆی مەساریك لە وڵاتی چیك كردووە و یەكێكە لە كاندیدە سەركەوتووەكانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی Erasmus + ICM كە لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی مەساریكی كۆماری چیكدایە كە بەهاوبەشی پێشكەشكردنی فەندی بۆ كراوە.