وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتی لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو
پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووری لە گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی Digital Cultural Heritage (DCH) سەر بە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوكاری زانكۆی ڕێدینگی بەریتانی وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتی بۆ پرۆفیسۆر د.رۆجەر ماسیۆس و د.ویندی ماسیۆس و د.ئەیمی ریچاردسن رێكخست.
وۆركشۆپەكە رۆژی دووشەممە 2019/5/20 سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ بەناونیشانی ” شوێنەوارناسی، كەلەپوور، و سەستەینەبلیتی ” لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە باسكردنی گرنگی هەنووكەیی شوێنەوارناسی و كەلەپوور دەستیپێكرد.
سەرەتا د.ڕۆژین كەمال سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاریی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەی بەخێرهاتنی پێشكەشكرد و باسی لە ئامانج و گرنگی وۆركشۆپەكە كرد لە بواری كەلەپوور و شوێنەوارناسی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، پاشان د.ویندی ماسیۆس پڕۆفیسۆری یاریدەدەری شوێنەوارناسی لە زانكۆی ڕێدینگی بەریتانی باسی لەوەكرد كە چۆن پرسەكانی سەستەینەبلیتی دەتوانێت چوارچێوەیەكی گرنگی كاركردنمان بۆ دەستەبەر بكات بۆ پشكنینی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی بەردەوامی گەشەسەندن، هەروەها د.ئەیمی ریچاردسن توێژەری پێشكەوتوو لە زانكۆی رێدینگی بەریتانی بەڵگە نوێكان لەمەڕ تۆڕەكانی بەیەكەوەبەستن و پەیوەندی لە چاخی بەردین و گۆڕانكاری و تازەگەرییەكان و جێبەجێكردنی تەكنیكە زانستییەكان بۆ مەتریاڵە دێریینەكان خستەڕوو، پاشان پڕۆفیسۆر د.رۆجەر ماسیۆس مامۆستای شوێنەوارناسی رۆژهەڵاتی نزیك لە زانكۆی رێدینگی بەریتانی و سەرۆكی رێكخراوی RASHID International ـە باسی لە پرسەكانی بەرگەگرتن و بەردەوامی لە رێگەی لێكۆڵینەوەوە لە بوارەكانی بەڕێوەبردن و بیرۆكراسیەتی میزۆپۆتامیای دێریندا كرد و تیشكی خستەسەر مێژووی دۆزینەوەی نووسین لە باشووری عیراق و ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر چۆنێتی و شێوازەكانی نووسیندا هاتووە لە ناوچەكەدا.
شایەنی باسەم ئەم وۆركشۆپە كراوە بوو بۆ خوێندكاران و ئەندامانی فاكەڵتی و توێژەران و پیشەییەكان لە پسپۆڕی جیاواز و هەروەها ئەندامانی ئارەزومەند لە رێكخراوە حكومی و ناحكومییەكان، ئامادەبووانیش بڕوانامەی بەشداربوونیان لەلایەن تیمی پڕۆژە نێودەوڵەتیەكەوە پێبەحشرا.
پڕۆژەی تۆڕی كەلەپوری كەلتوری نێودەوڵەتی لەلایەن تۆڕی نەهرەین-ی زانكۆی UCLی بەریتانیەوە فەندكراوە بەهاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی رێدینگ و زانكۆی لیستەری بەریتانی.