وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان بەشداریان لە خولێكی راهێنان لە فنلاند كرد
بۆ گەشەپێدانی خوێندنی ئەندازیاری وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكان بەشداریان لە خولێكی راهێنان لە وڵاتی فنلاند كرد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش ڕایگەیاند: بواری ئەندازیاری یەكێكە لە بوارە گرنگ و ستراتیجییەكان كە پەیوەندی بە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی هەرێمەكەمان هەیە.
ئەمڕۆ سێشەمە ڕێكەوتی 2019/5/7 د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ راگری كۆلێجەكانی ئەندازیاری لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە كە دوای بەشداریكردن لە خولێكی پەرەپێدانی خویندنی ئەندازیاری سەردانی وڵاتی (فنلاند) یان كردبوو.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانەوەی وەفدی باڵای وەزارەت و زانكۆكان بۆ وڵاتی فنلاند باسی لە یەكێك لە گرنگترین كارەكانی وەزارەت كردو وتی: لە وەزارەت بەشێوازێكی جیا دەستمان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگ كرد ئەویش پەرەپێدان و گۆڕانكاری بوو لە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێج و بەشە جیاكان لە زانكۆكاندا، بەهەمان شێوە لە بواری ئەندازیارییش، لە ڕێگەی لێژنەی پێداچونەوە بە پرۆگرامی خوێندن لە كۆلێجەكانی ئەندازیاری هەنگاوی گرنگ چوینە پێش، چونكە دركمان بەوە كردوە دەبێت گۆڕانكاری تەواو بكەین بەتایبەت لە شێوازی وانەوتنەوەو پڕۆگرامەكان و توانای مامۆستایان، وتیشی بۆ هەر بابەتێك دەمانەوێ ئەزمونی نمونەی وڵاتێكی سەركەوتو بكەین شارێی كاركردنمان، بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی ئەندازیاریش وڵاتی فنلاند وەك ئەزمونێكی سەركەوتو دەستنیشان كرا.
لەبارەی گرنگی بواری ئەندازیاری بۆ هەرێمەكان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی كردەوە، خەڵكی كوردستان شایستەی ئەوەن خزمەتی زیاتر بكرێن، باشترین چەكیش بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی زیاتر پێ بكەین، بریتیە لە چەكی خوێندن و مەعریفەو زانست، بۆ ئەمەش وتی: بواری ئەندازیاری یەكێكە لە بوارە گرنگ و ستراتیجی بۆ وڵاتەكەمان كە پەیوەندی بە بونیادنانەوەو گەشەپێدانی وڵاتەكەمان هەیە، بۆیە ئەگەر باس لە وڵاتێكی گەشەكردو بكەین دەبێت گرنگی بە سێكتەری ئەندازیاری بدەین. لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بتوانین پێداچونەوەو گەشە بە بواری ئەندازیاری بدەین و ئەم سێكتەرە لەڕێگەی ئێوەو ئەزمونی وڵاتی فتلاند پەرەپێبدەین.
لە كۆتایی وتەكەشیداو سەبارەت بە ئەزمونی وڵاتی فنلاند، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وڵاتی فنلاند لە بواری پەرەوەردە و خوێندنی باڵا خاوەن ئەزمونێكی سەركەوتوە، بۆیە لە چەند هەنگاوی جیادا لە بواری پێداگۆجی و لە هەنگاوی تریشدا بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندنی ئەندازیاری كاری باشتان كردوە، هیوادارم سەردانەكەتان بوبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانكۆكانی ئەو وڵاتە تا كارەكانتان لە داهاتودا باشتر بەڕێوەببن، بۆ ئەوەش دەستخۆشیتان لیدەكەم پشتگیری وەزارەتەكەمان بۆتان دوپات دەكەینەوە.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، د.داود ئەتروشی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازە و پڕۆژەكان باسێكی لەبارەی سەردانەكەیان بۆ وڵاتی فنلاند كرد و وتی: وڵاتی فنلاند باوەشی بۆ پڕۆژە و ڕیفۆرمەكانی وەزارەتەكەمان كردۆتەوە و، لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەش لێژنەكەمان لە نزیكەوە پێشكەوتنەكانی ئەو وڵاتەی لە بواری ئەندازیاری و خوێندنی ئەندازیاری بینی. لەو چوارچێوەیەشدا كورتەیەكی لەبارەی كارنامەو سەردانی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە لە ڕاگری كۆلێجەكانی ئەندازیاری پێكهاتبو بۆ وڵاتی فنلاند خستەڕو و وتی بەشێكی سەردانەكەمان بریتی بو لە سود وەرگرتن لە ئەزمون و ژینگەی وڵاتی فنلاند و سەردانی كردنی زانكۆكانی ئەم وڵاتە و ئاشنابون بە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەی خوێندن لەم وڵاتە.
لەبارەی بەشەكانی تری سەردانەكەیان وتی: هەوڵماندا پەیوەندی زانستی دروست بكەین لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە پەرووەردەییەكانی وڵاتی فنلاند، بۆ ئەمەش چەندین دیدارو چاوپێكەوتنمان لەگەڵ سەرۆك زانكۆ و ژماریەەك لە ڕاگرەكان ئەنجامدا. بەتایبەت لەبواری دڵنیایی جۆری دەتوانین سودی زیاتر لە ئەزمونی ئەم وڵاتە وەربگرین، هەروەك وتیشی بەشێكی دیكەی سەردانەكە بریتی بو لە ئەنجامدانی دیدارو كۆبونەوە لەگەڵ دامەزراوەكانی فنلاندو نوێنەری وەزارەت شوێنە فەرمییەكانی ئەم وڵاتە، بۆ ئەمەش لە كۆی دیدارەكاندا جەختمان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان كردەوە.
لە كۆتایی قسەكانیشدا د. داود ئەتروشی راسپاردەو پێشنیازەكانی لێژنەكەی خستەڕوو بۆ كاركردن لەسەری وەك نەخشە ڕێگەی پەرەپێدانی خوێندنی ئەندازیاری لە زانكۆكانی كوردستان.