Back

د.یوسف گۆران: لە 5 ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك پڕۆژە لە بواری ریفۆرمی كەرتی خوێندنی باڵاخراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا وەزارەتەكەمان توانی كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورە لە بواری ڕیفۆرمی كەرتی خوێندنی باڵا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە دیارترینیان بریتین لە پڕۆژەكانیی (ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان، دامەزراندنی بۆردی متمانەبەخشین، دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، جێبەجێكردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی، پەیڕەوكردنی سیستمی بۆڵۆنیا و، جێبەجێكردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا) وتیشی: ڕیفۆرمی خوێندنی پزیشكی لە ئەولەویەتی كارەكانمان بووە، لەم بوارەشدا هەنگاوی كردارەكیمان ناوە. ئەم وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانەی كۆنگرە ‌و پیشانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دەرمانسازی و پزیشكی و پزیشكیی ددان (فارمیدێنت) هات، كە رۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 2019/5/1 ‌ بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە پرۆفیسۆر و دكتۆر و پزیشك و شارەزا و پسپۆڕانی بواری تەندروستی و پزیشكی‌ لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان‌ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستپێكرد. لە دەستپێكی وتەكانیدا (د.یوسف گۆران) لەدوای دەستخۆشیكردن لە رێكخەرانی (فارمی -دێنت ٢٠١٩) رایگەیاند: وەزارەتەكەی ئێمە بەشدارە لە ئامادەكردنی توانا مرۆییەكانی كەرتی تەندروستی، لەئێستادا لە 6 زانكۆی هەرێمی كوردستان كۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی لە كاردان، كە بریتین لە (كۆلێجی پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، دەرمانسازی، پەرستاری و زانستە تەندروستییەكانی دیكە)، ڕونیشی كردەوە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) بڕیارماندا كۆلێجی پزیشكی لە هەردوو زانكۆی (زاخۆ و گەرمیان) دابمەزرێنین، ڕونیشیكردەوە جگە لەو كۆلێجانە، لە زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی لە هەرێمەكەمان بواری خوێندنی ڤۆكەیشناڵ و دبلۆمی دوو ساڵی بۆ بەشە تەندروستی و پزیشكییەكان فەراهەم كراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا لە چەند زانكۆی تایبەتیش كۆلێجەكانی پزیشكی ددان و دەرمانسازی و زانستە تەندروستییەكانی دیكە لە كاردان. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئەوەی ڕاگەیاند: لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا وەزارەتەكەمان توانی كۆمەڵێك پڕۆژەی گەورە لە بواری ڕیفۆرمی كەرتی خوێندنی پزیشكی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە دیارترینیان بریتین لە پڕۆژەكانی (ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان، دامەزراندنی بۆردی متمانەبەخشین بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای (زێڤا)ی ئەڵمانی، دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی، جێبەجێكردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی، پەیڕەوكردنی سیستمی بۆڵۆنیا و، جێبەجێكردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا)، هەروەك جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە ڕیفۆرمی خوێندنی پزیشكی لە ئەولەویەتی كارەكانیان بوە، هەر لەو بوارەشدا هەنگاوی كردارەكیان ناوە، ڕونتر لەو بوارە وتی: سەرەتا لە سیستمی وەرگرتن لە كۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی دەستمان پێكرد، چونكە خۆتان دەزانن تا ئێستا وەرگرتن لە كۆلێجەكانی كۆمەڵەی پزیشكی لە زانكۆكانی ئێراق و كوردستانیش پشتی بە سیستمی (قبوڵ مەركەزی دەبەستێت) و، كۆنمرەی دوا قۆناخی ئامادەیی تەنها پێوەرە، پێوەرەكانی دیكە (بۆ نمونە چاوپێكەوتن) هیچ ڕۆڵێك لە پرۆسەی وەرگرتندا نابینێت، بۆیە‌ ئێمە لەم بارەیەوە لەسەر بنەمای (Relevant Education) بڕیارماندا بۆ وەرگرتن لە كۆلێج و بەشەكانی كۆمەڵەی پزیشكی تەنها نمرەی ئەو وانانە ئەژمار بكەین، كە پەیوەندیدارن بە خوێندن لە بوارەكانی پزیشكی. د.یوسف گۆران لەبارەی پرۆگرامەكانی خوێندن لە بەشە پزیشكییەكان ئەوەی ڕون كردەوە،‌ كە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی ستراتیجی نیشتیمانیدا بڕیارماندا بە داڕشتنەوەی سەرتاسەری سیستم و ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن و ڕاهێنانی پزیشكی لەسەر بنەمای (Learning outcome)، بەتایبەت لە چوارچێوەی ئەو كۆنسێپت و ستانداردە نێودەوڵەتیانەی كە پێناسەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی پزیشككارانی ئایندە دەكەن و تا ڕادەیەكی زۆر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەری كۆكن، د.یوسف گۆران وتی: پزیشكانی ئایندە دەبێت زانا و سكۆلار بن، پراكتیشنەری سەركەوتو پرۆفێشناڵ بن، ئاشكراشیكرد، كە پرۆگرامی نوێی خوێندنی پزیشكیدا دەبێت تەركیزمان لەسەر سێ كۆڵەكەی بنەڕەتی بێ، كە بریتی دەبن لە :(Professional Values and behaviors) و، (Professional Skills) و(Professional knowledge). لە‌و بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: لەسەر بنەمای ئەم ئامانجانە توانیمان بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆ و كۆلێجەكانی پزیشكی سیستمی خوێندنی پزیشكی لە سیستمی كلاسیكییەوە بگۆڕین بەسیستمی(Integrated System Based Approach)، ئاشكراشیكرد پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە یارمەتیدەردەبێت بۆ بەرجەستەكردنی هەمو (Learning Outcome)ەكان و، باشتر پزیشككاران ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی نەك تەنها لە بازاڕی كاری نێوخۆیی بە ڵكو لە بازاڕی كاری نێودەوڵەتیشدا توانای كێبڕكی و بەدەستهێنانی هەلی كاریان هەبێت، لە هەمان كاتدا دەرفەت دەڕخسێنێت تا قوتابیان و خوێندكار لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنەكەیانەوە هەلی ڕاهێنانی كلینیكی و پراكتیكیان بۆ بڕەخسێت. لە درێژەی وتەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پرۆگرامی نوێی خوێندنی پزیشكی ئێستا كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بێگومان ئەم هەنگاوە بە هاوكاری كۆمەڵێك دامەزراوە و هاوكاری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت (بە تایبەت زانكۆی لێستەری بەریتانیا، كە هاوكاری سەرەكیمان دەبێت)، پرۆگرامی نوێمان داینامیك دەبێت و، بەردوام ئەپدەیت دەكرێتەوە، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتی: بۆ زانیاری ئێوە فۆكەس گروپی ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشكی بڕیارە لە (٢١)ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ زانكۆی لێستەر بچێتە قۆناخی دوەمی، ڕونیشیكردەوە ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە تەواوكردنی داڕشتنی پرۆگرامەكانی خوێندنی هەر شەش ساڵی كۆلێجی پزیشكی و ڕاهێنانی مامۆستایانی زانكۆكانمان لەسەر جێبەجێكردنی ئەم سیستمە. سەبارەت بە ئاستەنگەكانی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە د.یوسف گۆران بەوردی تیشكی خستە سەر تەحەدییەكانی سیستمەكە‌ و، ڕایگەیاند: یەكێك لە تەحەدییاتەكانی بەردەم پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە بریتییە لە بونی مامۆستای (فول تایم)، كە هەموو كاتەكانی خۆیان لە نێو دامەزراوەكانی كەرتی گشتیدا بەسەر ببەن، هەروەها ژێرخانی نەخۆشخانەكان و، سیستمی تەندروستی كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو پرۆسەیە دەبێت، هاوكات پرسی زانكۆ ئاست نزمەكان و بڕوانامەكانیان هۆكارێكی دیكەیە. لەبارەی ڕوونكردنەوەی زیاتری كارەكانی وەزارەتەكەی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: كارێكی دیكەمان بریتییە لە دامەزراندنی بۆردی نیشتیمانی متمانە بەخشین بەهەماهەنگی لەگەڵ (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە (زێڤا)، وتیشی: ئەم بۆردە ئەم زانكۆكانمان ئامادە دەكات بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی زێڤای ئەڵمانی. د.یوسف گۆران بەشێكی دیكەی قسەكەی تەرخانكرد بۆ لایەنی كواڵیتی زانكۆكان و لەو باریەوە ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پلانی هەیە تا ساڵی (٢٠٢٣) لە ڕێگەی ئەم دەزگا نیشتیمانییە و، بەهاوكاری دامەزراوەی (زێڤا)ی ئەڵمانی هیچ زانكۆیەك و هیچ پرۆگرامێكی خوێندن نەمێنێت، كە متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێنابێت، وتیشی بەشێكی دیكەی كارەكانمان تایبەتە بە خوێندن و ڕاهێنانی پزیشكی (پۆست گراجوەیت) لە ڕێگەی دامەزراوەی بۆردی كوردستانی، لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەی خستەڕو، كە بۆردی كوردستانی تەنها دامەزراوەی ڕاهێنان و پێدانی بڕوانامەی كلینیكییە لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستا دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی بۆ (٩٢٩) پزیشكی هەرێمەكەمان ڕەخساندوە، لە هەمان كاتدا ئێمە كار بۆ فراوانكردنی پلانی وەرگرتن لە پرۆگرامەكانی بۆردی كوردستانی دەكەین، بە جۆرێك هیچ پزیشككارێك نەمێنێتەوە لە هەرێمەكەمان، كە بەیەكێك لە پرۆگرامەكانی ئەم بۆردەدا تێپەڕ نەبووبێت. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی وڵاتەكەمان بریتییە لە نەبونی سیستمێكی تۆكمە بۆ تۆماركردن و، كۆكردنەوەی داتاكانی نەخۆشی و، چۆنیەتی شیكردنەوە و سود لێ وەرگرتنیان لە ناو سیستمی تەندروستی، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە وتی: دەبێ ئێمە پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی هەموو ئەو داتایانەی لە ڕێگەی كاری پزیشكییەوە دروست دەبن بەشێوەیەكی زانستی تۆمار بكرێن، چونكە لە ڕێگەی ئەم داتایانەوە دەتوانین پلانی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی هەرێمەكەمان باشتر دابڕێژین و، كار بكەین بۆ دامەزراندنی (Reference Lab). وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرنگیەوە باسی لە سیستمی تەندروستی كرد و ڕایگەیاند: بێگومان هەنگاوەكانی ئێمە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە سیستم و ژێرخانی تەندروستییەوە هەیە، پرسی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی پرسێكی گرنگ و هەستیارە و، پێویستی بە گفتوگۆی نێوان هەمو (ستەیك هۆڵدەرەكان)ە لە سەر ئاستی ئێراق و كوردستانیش بەتایبەت (وەزارەتی تەندروستی، خوێندنی باڵا، نەخۆشخانەكان، هەموو پزیشككاران، سەندیكاكانی پزیشككاران، قوتابیان و خوێندكاران)، دەبێت لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی نیشتیمانیدا خۆمان بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەی ڕیفۆرمی سیستمی تەندروستی هەرێمی كوردستان و ئێراق ئامادە بكەین، بەتایبەت كاركردن بۆ بونیادنانی سیستمێكی مۆدێرن و كارا بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی (Primary Health Care System)، وتیشی لەم ڕێگەیەوە دەتوانین بە شێوەیەكی زانستی ڕیكۆردی داتای هەمو تاكەكانی وڵاتەكەمان بكەین و، خزمەتی زیاتر بە كۆمەڵانی خەڵك بگەیەنین. لە كۆتایی وتەكانیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: هیوام وایە ئەم دەرفەتە ببێتە سەرەتای دەستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەمو ستەیك هۆڵدەرەكان بۆ ئەوەی پێكەوە كار بۆ داڕشتنی چوارچێوەی ڕیفۆرمێكی هەمەلایەنە لەو بوارە بكەین، وتیشی بە خۆشحاڵیەوە وەزارەتەكەمان ئامادەیە بۆ پشتیوانیكردنی ئەم پڕۆسەیە.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile