زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رێككەوتننامەی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆلێجی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكانی زانكۆی تاران واژۆ كرد
وەفدیكی باڵای سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەسەرۆكایەتی د.كامل صابر سعید ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی بەكرەجۆ و هاوڕێ لەگەڵ د.كارزان عبداللە محمد ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكیەكانی هەڵەبجە و پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە و د.سەحەر حسین مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی زانستە پراكتیكییەكانی هەڵەبجە سەردانی كەمپەسی كۆلێجی كشتوكال َو سەرچاوە سروشتییەكانی زانكۆی تاران-یان كرد.
لەو سەردانەدا وەفدی ناوبراو كۆبوونەوەیەكی تێرەتەسەلی لەگەڵ د.سعید حسین گوڵدانساز راگری كۆلێجی كۆلێجی كشتوكال َو سەرچاوە سروشتییەكانی زانكۆی تاران كرد بەئامادەبوونی جێگرانی ڕاگر و لێپرسراوی پەیوەندییە نێودەوڵتییەكانی كۆلێج و ژمارەیەك لە سەرۆك بەش و مامۆستایان و ئەكادیمیانی كۆلێج، لە كۆبوونەوەكەدا كارو چالاكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە بوارە جیایاكانی زانست و ئەكادیمیا و بۆ ئامادەبووان باسكران و ئامانج و تێڕوانینی زانكۆ بۆ ئامادەبووان روونكرایەوە، هەروەها جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیە ئەكادیمی و فێركاریەكانی نێوان هەردولا كرایەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەدا بەڕێز د.كامل صابر سعید بە نوێنەری د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. سعید حسین گوڵدانساز راگری كۆلێجی كشتوكاڵ ڕێككەوتننامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد كە لەم چەند خاڵەی خوارەوە پێكهاتبووە:
1.دابینكردنی كورسی خوێندی ماستەر و دكتۆرا بۆ مامۆستایانی زانكۆ لە بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتیەكاندا.
2.پەرەپێدانی سكیڵی مامۆستایانی زانكۆی پۆلیتەكنیك بەكردنەوەی خولی راهێنانی تایبەت لە بوارە جیایاكانی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتیەكاندا.
3.پەرەپێدانی تواناكانی خوێندكاران و میوانداریكردنیان لە خولە هاوینیەكاندا.
4.كردنەوەی وۆركشۆپ و كۆرسی كورت لەو بوارانەی كە مامۆستایان پێویستیانە بۆ پەرەپێدانی تواناكانیان.
5.ئەنجامدانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هاوبەش لە نێوان زانكۆی تاران و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا.
6.بەشداریكردنی پسپۆرانی زانكۆی تاران لە وتنەوەی وانە لەو بوارانەی كە كە پسپۆریەكانیان كەمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.
7.رەخساندنی سەردانی كورت و درێژخایەن بۆ توێژەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبوش لەگەڵ توێژەرە بە ئەزموونەكانی زانكۆی تاران.
پاش واژۆكردنی رێككەوتننامەكە وەفدەكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە نزیكەوە سەردانی بەشە پەیوەندیدارەكانیان كرد بە زانكۆوە وەك بەشی خۆراك و كوالیتی كۆنتڕۆڵ، بەشی باخداری و دیزاینی دیمەنی سروشتی، بەشی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەكان لەگەڵ سەرۆك بەش و مامۆستایان كۆبوونەوە بەمەبەستی دیاریكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتننامەكە.
هەر لەمیانەی سەردانەكەیاندا وەفدی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی تاقیگەكان و سەنتەری توێژینەوە و جین بانك و كێڵگەی كۆلێجی ناوبراویان كرد بۆ زیاتر سوود وەرگرتن لە ئەزموونی 120 ساڵەی كۆلێجی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكانی زانكۆكە.
شایەنی باسە كۆلێجی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكانی زانكۆی تاران لە شەش فاكەڵتی و 17 بەشی زانستی لە بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ و سەرچاوە سروشتییەكان پێكهاتووە ئەمە جگە لە چەندین سەنتەری توێژینەوە و كێلگەی بەرهەمهێنان لە بوارەكانی دانەوێڵە ئاژەڵداری و باخداری و بەخێوكردنی ماسیدا.